رووداو دیجیتاڵ
سیستمی نوێكردنەوە و دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی بۆ ماوەی زیاتر لە 20 كاژێر وەستا و دواتر کەوتەوە کار، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەكەش دەڵێت، بەو هۆیەوە کاری بەشێک لە هاونیشتمانیان دوادەکەوێت.
بەهمەن عەبدوڵڵا، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "كاژێر 02:00ی پاشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە 04-01-2023وە سیستمی دەرهێنان و نوێكردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری لە بەڕێوەبەرایەتییەكەماندا تاوەكو كاژێر 11:30خولەكی ئەمڕۆ پێنجشەممە وەستاوە."
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە ئەوان تاوەکو کاژێر 05:00ی ئێوارە کار دەکەن، بەڵام کاری بەشێک لە هاونیشتمانیان بەهۆی ئەو وەستانەوە دوادەکەوێت. بەهمەن عەبدوڵڵا باسی لەوەش كرد، هۆكاری وەستانی سیستمەكەیان نەزانیوە.
هەر لەو بارەیەوە محەممەد روشدی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی كوردستان بە رووداوی راگەیاند، هۆكاری راگرتنی سیستمەكە بە مەبەست نەبووە، بەڵكو كێشەیەكی هونەری بووە و دوای چەندین كاژێر توانیویانە چارەسەری بكەن.
ماوەی چەند مانگێكە لە هەرێمی كوردستان سیستمی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری كراوەتە ئەلیكترۆنی، رۆژانە لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی نزیكەی 300 مۆڵەتی شۆفێری دەدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ