فڕۆکەخانەی سەربازیی هەریر بە درۆن کرایەوە ئامانج

05-01-2024
سۆران حوسێن
دیمەنی رووداوەکە کە لەلایەن هاونیشتمانییان بۆ رووداو نێردراون.
دیمەنی رووداوەکە کە لەلایەن هاونیشتمانییان بۆ رووداو نێردراون.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
جارێکی دیکە فڕۆکەخانەی سەربازیی هەریر لە سنووری پارێزگای هەولێر کرایە ئامانجی هێرشێکی درۆنی.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە رووداو لە سەرچاوەیەکی ناو حکومەتی هەرێمی کوردستانی وەرگرتووە، ئەمڕۆ هەینی 05-01-2024 فڕۆکەخانەی سەربازیی هەریر لە رێگەی درۆنەوە کراوەتە ئامانج".
 
هەر بەپێی زانیارییەکان، درۆنەکە تێکشکاوە و هیچ زیانی گیانیی نەبووە. لەبارەی رووداوەکەوە، دژەتیرۆری کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "کاژێر 04:29ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی لەڕێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر بنکەی سەربازیی هەریر لە پارێزگای هەولێر، کە پێشتر وەک بنکەیەکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بەکار دەهات".
 
لەدوای رووداوەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە، هێرشی حەماس بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و پەرەسەندنی شەڕی نێوانیان، هەندێک گرووپی چەکداری دیکە بەشداریی خۆیان لە شەڕەکەدا راگەیاند و پاڵپشتی حەماسیان کرد، لەوانە گرووپێکی چەکداری شیعییە کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق" ناساندووە کە بە گوتەی بەرپرسانی ئەمریکا "ئەو گرووپە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی" دەکرێن.
 
ئەو گرووپە تاوەکو ئێستا، بەرپرسیاریێتیی خۆی لە 15 هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و 12 ‌هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەریر، لە ئەستۆ گرتووە و زۆرینەی هێرشەکانی لەڕێگەی درۆنەوە بووە، بەڵام تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هێرشەکەی ئەمڕۆی نەگرتووەتە ئەستۆ.
 
نیوەڕۆی دوێنێ پێنجشەممە 04-01-2024، بارەگەیەکی حەشدی شەعبی لە گەڕەکی فەلەستینی بەغدا بۆردوومانکرا، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، بە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان هێرشکرایە سەر بارەگایەکی هێزە ئەمنییەکان لە بەغدا و ئەو کارە "هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ کردەوەی تیرۆریستی" و، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لێی بەرپرسە.
 
بەهۆی بۆردوومانەکەی سەر بارەگاکەی حەشدی شەعبییەوە فەرماندەیەکی ئەو هێزە بە ناوی ئەبو تەقوا سەعیدی، جێگری ئۆپەراسیۆنەکانی پشتێنەی بەغدای حەشدی شەعبی کوژرا.
 
ئەمریکا بۆردوومانەکەی  دوێنێی لە ئەستۆ گرت، ئەوەش دوای چەند بۆردوومانێکی دیکەی ئەو گرووپانە لە ساڵی رابردوودا؛ ئەمریکا دەڵێت لە وەڵامی هێرشەکانی سەریاندا لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەو گرووپانە بۆردوومان دەکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە