رووداو دیجیتاڵ
دادگایەکی کەرکووک نۆیەمین دانیشتنی تایبەت بە دادگاییکردنی محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان دەکات، کە لەسەر دوو سکاڵای سەربازێک و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووکە. بە گوتەی ئەو جووتیارە، ئەگەر هەیە یەکێک لە سکاڵاکان یەکلایی ببێتەوە.
دادگاییکردنەکە ئەمڕۆ دووشەممە 5ی کانوونی دووەمی 2026 لە دادگای دووبز دەبێت. یەکێک لە سکاڵاکان لەلایەن کەڕار شاکر، سەربازی سوپای عێراق و ئەوی دیکەیان لەلایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دژی ئەو جووتیارە تۆمار کراوە کە تایبەتن بە رووداوەکانی 17ی شوباتی 2025.
محەممەد ئەمین، جووتیارە سکاڵا لەسەر تۆمارکراوەکە، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نوێنەری یاسایی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و کەڕار شاکر بەشدار دەبن لە دانیشتنی دادگە کە نۆیەم دانیشتنە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر هەیە دانیشتنی تایبەت بە سکاڵای سەربازەکە بڕیاری لەبارەوە بدرێت.
سکاڵاکان تایبەتن بەو گرژییەی لە 17ی شوبات لە سەرگەڕان روویدا، کاتێک سوپا رێگەی نەدا محەممەد ئەمین زەوییەکەی بکێڵێت کە لەگەڵ عەرەبی هاوردە کێشەی لەسەر دروستبووە.
نوێنەرەکەی جووتیارانی سەرگەڕان ئاماژەی بەوەدا کە بۆ سکاڵاکەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، شایەتحاڵانى هەردوولا ئامادەی دانیشتنەکە دەبن.
ئەو تۆمەتەی ئاراستەی جووتیارە کوردەکەی کەرکووک کراوە ئەوەیە گوایە قسەی نەشیاوی بە سوپا و سەربازەکە گوتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ