رووداو دیجیتاڵ
لیژنه هاوبهشهكانی قایمقامییەتی سلێمانی دەڵێت، مانگی رابردوو سەردانی شهش ههزار و 687 دووكان، بازاڕ و شوێنی گشتییان کردووە و دەستیان گرتووە بەسەر زیاتر لە 31 تۆن خۆراک و شتومەکی خراپ و نەشیاودا.
رۆژی دووشهممه، 05-02-2024، لیژنه هاوبهشهكانی قایمقامییەتی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا ئاماری چالاکییەکانی مانگی رابردووی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە هەموو ئهو سهردانانەدا 614 سهرپێچیان تۆمار كردووه و پسووڵەی ئاگادارکردنەوەیان داوەتە 282 شوێن.
گۆران قادر، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لیژنەکان هەر سەردانێک دەکەن راپۆرتی خۆیان دەنووسن بۆ لیژنەی باڵا. لە لیژنەی باڵا هەڵسەنگاندن بۆ راپۆرتەکە دەکرێت و بە گوێرەی یاسا و رێنماییەکان سزای شوێنەکان دەدرێت."
لە مانگی رابردوودا لە سلێمانی شهش شوێنی كاركردن داخراون و یهك شوێنیش دراوەتە دادگە. لیژنە هاوبەشەکان دەڵێت، مانگی رابردوو بههۆی خراپبوون و نهشیاوی بۆ خواردن و بهكارهێنان، دەستیانگرتووە بەسەر 31 تۆن و 261 كیلۆگرام كاڵا و شمهك و خۆراكی جۆراوجۆردا و لەنێویان بردوون.
داهاتەکانی پێبژاردنی لیژنەکانی قایمقامییەتی سلێمانی بۆ مانگی رابردوو، 40 ملیۆن دینار بووە. گۆران قادر دەڵێت، داهاتەکە دەخرێتە سەر داهاتی گشتی.
بە گوێرەی قایمقامییەتی سلێمانی، مانگێک پێشتر 52 شوێن بەهۆی سەرپێچییەکانەوە لە شارەکە داخراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ