یەکێتیی خانەنشینان: ئەوانەی تازە خانەنشین دەبن 6 مووچەی بنەڕەتی و 12 مووچەی تەواوەتی وەردەگرن

05-02-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، ئەوانەی تازە خانەنشین دەبن، 6 مووچەی بنەڕەتی و 12 مووچەی تەواوەتی وەردەگرن. دەشڵێت، نزیکەی 285 هەزار خانەنشین بە مەدەنی و سەربازی لە هەرێمی کوردستان هەن؛ هاوتاکردنیش خانەنشینیی سەربازی تائێستا نەگرتووەتەوە.
 
سادق عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان رۆژی چوارشەممە 05-02-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 170 هەزار خانەنشینی مەدەنی و 90 هەزار خانەنشینی سەربازی هەن.
 
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو سێ "تەمەن"ەی کە تازە خانەنیشن دەبن، ئەوانیش ژمارەیان نزیکەی 25 هەزار کەسە، بەگشتیی دەبێتە نزیکەی 285 هەزار خانەنشین بە مەدەنی و سەربازییەوە.
 
بە گوتەی گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، هێشتا ئەو سێ تەمەنە بە تەواوی خانەنشین نەبوون و رێکارەکانی خانەنشینییان ماوە، بەشێکیان هێشتا دەست لەکار هەڵگرتنیان لە فەرمانگەکانیان نەکردووە، بۆیە رێکارەکان ماون تاوەکو تەواوی دۆسییەکانیان دەگوزارێتەوە بۆ دەستەی خانەنشینی.
 
سادق عوسمان، دەڵێت، بەگوێرەی یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2014ی خانەنشینانی یەکگرتوو لە عێراق، ئەو 25 هەزار کەسە کە تازە خانەنشین دەبن، 6 مووچەی بنەڕەتی و 12 مووچەی تەواوەتی وەردەگرن.
 
"پێویستە خانەنشینان 6 مووچەی بنەڕەتی لە فەرمانگەکەی خۆیان وەربگرن، ئەگەر مۆڵەتی کەڵەکەبووی لە 6 مانگ کەمتر بوو ئەو 6 مووچە بنەڕەتییە نایانگرێتەوە،" ئەمەش بە گوتەی سادق عوسمان.
 
هەروەها دوای خانەنشین بوونیش، کە ناسنامەی خانەنشینییان بۆ دەکرێت، لە دەستەی خانەنشینی 12 مووچەی تەواو وەردەگرن، وەک پاداشتی کۆتاییهاتنی خزمەت، کە پێشتر لە هەرێمی کوردستان 6 مووچەی تەواوەتییان وەردەگرت.
 
گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان زیاتر روونیکردەوە، ئەگەر فەرمانبەرێک ئێستا مووچەکەی بە تەواوی دەرماڵەکانییەوە ملیۆنێک و 200 هەزار دینار بێت، ئەوکات 12 مووچەی ملیۆنێک و 200 هەزار دینار پێکەوە و بە یەکجار وەردەگرێت.
 
سەبارەت بە هاوتاکردنی خانەنشینیی سەربازی گوتی، "هاوتاکردن خانەشینیی سەربازی نەگرتووەتەوە، کەموکوڕی تێدایە و پێویستە رێکبخرێتەوە و هاوتابکرێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە