رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی پاڵپشتی بۆ کوردانی رۆژئاوای کوردستان دووپاتکردەوە و گوتی، "کوردەکان لە هەڵگرتنی چەک برای ئێمەن و دەستبەرداریان نابین."
ژان نۆیێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە کاتی بەشداری لە دانیشتنێکی پەرلەمانی فەرەنسا لە رۆژی سێشەممە وەڵامی ژمارەیەک پەرلەمانتاری دایەوە.
لە دانیشتەکەدا لەبارەی کوردانی رۆژئاوا پرسیار لە وەزیرە فەرەنسییەکە کرا، لە وەڵامدا گوتی، "سوپاس بۆ ئەوەی رێز لە کورد دەگرن. کورد هاوپەیمانی دڵسۆزی ئێمەن، لە چەکهەڵگرتن برای ئێمەن و دەستبەرداریان نابین."
بارۆ گوتی، "لە کاتێکدا کە لە 8ـی کانوونی دووەمەوە، هیوایەکی نوێ لە سووریا سەری هەڵداوە، بێگومان دەبێت بڵێین کە پێویستە کورد بە تەواوی بەشداری لە پرۆسەی وەرگرتنی ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان و هاووڵاتیبوونی نوێ بکەن کە دەبێت لەم وڵاتەدا جێبەجێ بکرێت."
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ئاماژەی بەوەش کرد، پێش سەردانی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات بۆ دیمەشق، نێوەندگیرییان لەنێوان هەسەدە و تورکیا، هەروەها هەسەدە و دەسەڵاتی نوێی سووریا کردووە.
هەروەها وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دەشڵێت، "ئاسانکاریمان بۆ نێوەندگیری لەنێوان کوردی سووریا و کوردی عێراق کرد تاوەکو یەکدی بەهێز بکەن."
رۆژی 13ـی ئەم مانگە لە فەرەنسا کۆنفرانسێکی تایبەت بە سووریا بەڕێوەدەچێت. وەزیری دەرەوەی سووریا و وەزیرانی دەرەوەی ژمارەیەک وڵات بەشداری لە کۆنفرانسەکەدا دەکەن.
لەبارەی بەشداریی کورد لە کۆنفرانسەکەدا، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بە پەرلەمانتارانی گوت، "دڵنیاتان دەکەمەوە کە لە 13ـی شوبات دا، هەفتەی داهاتوو لە پاریس، کورد بەشداری ئەم کۆنفرانسە دەبن، کە ئامانج ئەوەیە جارێکی دیکە داواکارییەکانمان بۆ ئەم گواستنەوەیە ببیسترێن."
رۆژی 11ـی تشرینی دووەم، بە نێوەندگیریی ئەمریکا، ئاگربەستی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا راگەیێندرا. ژان نۆیێل بارۆ ئاماژە بەوە دەکات، ئەوانیش نێوەندگیرییان بۆ ئاگربەستی کۆبانێ کردووە، "تاوەکو کورد نەکەونە ژێر گوشارێکی نەخوازراو."
"دەمانەوێت بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بشکێنین"
دانیێل سیمۆنێت، ئەندامی پەرلەمانی فەرەنسا کە یەکێک بوو لەو کەسانەی کە رۆژی 13-12-2024 لەگەڵ شاندێکی فەرەنسی سەردانی رۆژئاوای کوردستانی کرد، لە دانیشتنەکەی پەرلەماندا گوتی، "ئەمڕۆ دەمانەوێت بێدەنگیی هەمان کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بشکێنین. میلیشیا ئیسلامییەکان کە لەلایەن تورکیاوە پشتگیری دەکرێن، هێرش دەکەنە سەر بەنداوی تشرین، کە لەلایەن هێزە چەکدارەکان و خەڵکی سیڤیل، بەتایبەت ژنان، دەپارێزرێت."
لەبارەی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا بۆ سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات، ئەو پەرلەمانتارە گوتی، "پێویستە تورکیای ئەردۆغان هێرشەکانی رابگرێت کە دژی یاسای نێودەوڵەتین و سنووری سووریا دەبەزێنن."
هەروەها ئەو پەرلەمانتارە هۆشداریدا لەوەی کە دەسەڵاتی نوێی سووریا داوای لە هەریەکە لە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کردووە چەکەکانیان دابنێن.
هەروەها دانیێڵ سیمۆنت نیگەرانیی خۆی لەبارەی پەراوێزخستنی ژنان لە سوپای نوێی سووریا دەربڕی و گوتی، "لێدوانەکانی حکومەتی سووریا کە دەڵێت پێویستە ژنان لە سوپادا نەبن، بەڵکو دەبێت لە ماڵەوە بمێننەوە، ترسی شکستێکی گەورە بۆ مافەکانی ژنان دروست دەکات."
هەروەها دەشڵێت، "ئێمە لە بنیادنانی سیاسی، دیموکراسی و فێمینیستی ئەوان [رۆژئاوای کوردستان] زۆر شت فێر دەبین. با درووشمی ژن، ژیان، ئازادی لەبیر نەکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ