رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت، پێدانی مینحەی مامۆستایانی خۆبەخشی وەزارەتی ئەوقاف بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە درێژکرایەوە.
کۆتاییەکانی مانگی ئابی پار بڕیاردرا، ئەو مامۆستا ئایینییە خۆبەخشانەی پێشنوێژی دەکەن و گوتار دەخوێنن، مینحەیان بۆ ببڕێتەوە، لە مانگی ئەیلوولەوە مینحەکەیان پێدرا کە لەسەر داهاتی وەزارەتی ئەوقاف بوو.
رۆژی چوارشەممە 5ی شوباتی 2025 نەبەز ئیسماعیل، بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێر و گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بە فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان مینحەی مانگانەی مامۆستایانی خۆبەخش بۆ ماوەی ساڵێک درێژ کرایەوە."
مامۆستایانی ئایینی بۆ هەر مانگێک 250 هەزار لەسەر داهاتی وەزارەتی ئەوقاف وەردەگرن. سەبارەت بە مەرجەکانی وەرگرتنی شایستە داراییەکە، نەبەز ئیسماعیل گوتی، "تەنیا پێویستە ئەو مامۆستا ئایینییە هیچ مووچەیەکی لە حکومەت نەبێت و خۆبەخش بێت."
رۆژی 29-08-2024 وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی رایگەیاند، "بڕیارمان دا مانگانە مینحەیەک (شایستەی دارایی) بدرێتە مامۆستایانی ئایینیی خۆبەخش، کە ھیچ داھاتی دیکەیان نییە."
لە هەرێمی کوردستان 6100 مزگەوت هەن، کە لە 3800ـیان گوتاری هەینی پێشکێش دەکرێت، 2700 مامۆستا فەرمانبەری وەزارەتی ئەوقافن، 1500 مامۆستای خۆبەخش بە رێپێدانی وەزارەتی ئەوقاف گوتاری هەیینی دەخوێننەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ