رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ئەو بڕیارە وەلائییەی کە دادگەی فیدڕاڵی بۆ راگرتنی سێ یاساکە دەریکردووە، "پێچەوانەی دەقی پەیڕەوی ناوخۆی دادگەی فیدراڵییە".
ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ـی شوباتی 2025، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی فەرمانە وەلائییەکەی دادگەی فیدڕاڵی دەڵێت، "ئەنجوومەن لە دانیشتنی چوارەمی خۆیدا گفتوگۆ لەسەر فەرمانی وەلائیی ژمارە 3ـی دادگەی فیدڕاڵی کرد کە تایبەتە بە راگرتنی جێبەجێکردنی ئەو سێ یاسایەی رۆژی 21ـی کانوونی دووەمی 2025 ئەنجوومەنی نوێنەران بڕیاری لەسەردا. ئەنجوومەنی باڵای دادوەری گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە بابەتی کاراکردنی یاساکان و تانەدان لە دەستووریبوونیان لە مادەکانی 93/یەکەم و 129ی دەستووری کۆماری عێراقی ساڵی 2005ـدا چارەسەر کراوە".
ئەنجوومەنی دادوەری ئاماژە بەوە دەکات، "دەبێت یاسا دەرچووەکان لە رۆژنامەی فەرمی بڵاوبکرێنەوە، بۆئەوەی ببێتە یاسایەک بۆ تانەلێدان لە نادەستووریبوونی، ئەمەش لە چەندین بڕیاری دادگەی فیدراڵیدا جێگیر کراوە، لەوانە بڕیاری ژمارە 88/فیدراڵی/2016 لە 20/12/2016 و بڕیاری ژمارە 31/فیدراڵی/2018."
ئەنجوومەنەکە روونتری دەکاتەوە و دەڵێت، "نابێت جێبەجێکردنی یاسایەک کە لەلایەن پەرلەمانەوە دەردەچێت رابگیرێت پێش بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمیدا. فەرمانی وەلائی دادگەی فیدراڵی بە راشکاوی باس لە راگرتنی رێکارەکانی دەرچوون و جێبەجێکردنی یاسای هەموارکردنی یاسای باری کەسێتی ژمارە 188ی ساڵی 1959ـی هەموارکراو و یاسای گەڕاندنەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان دەکات، کە بەشێک لە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی هەڵوەشاوەیان دەگرێتەوە، سەرەڕای ئەوەی تائێستا ئەم دوو یاسایە لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاونەکراونەتەوە."
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایدەگەیێنێت، "فەرمانە وەلائییەکان بڕیاری کاتین و خاوەن هێزی کۆتایی و پابەندکەر نین. هەروەها دادگەکان پابەندن بە جێبەجێکردنی یاسای لێبووردنی گشتی کە لە پەرلەمان لە 21/1/2025 دەنگی لەسەر دراوە و مادەی 129ی دەستوور رێگری لە پەکخستنی جێبەجێکردنی یاساکان دەکات تا بڕیارێکی کۆتایی دەرنەچێت بە نادەستووریبوونیان یان هەڵوەشاندنەوەیان لەلایەن ئەو لایەنەی دەریکردووە."
یاساکان بریتین لە هەمواری یاسای باری کەسێتی ژمارە 188ـی ساڵی 1959، هەمواری دووەمی یاسای لێبووردنی گشتیی ژمارە 27ـی ساڵی 2016 و یاسای گەڕاندنەوەی زەویوزار بۆ خاوەنەکانیان کە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی بەعسی هەڵوەشاوە دەیانگرێتەوە.
هەرسێ پرۆژەکە لە دانیشتنی رۆژی 21ـی کانوونی دووەمی 2025 لە پەرلەمانی عێراق بەیەک پاکێج پەسندکران.
شەوی رابردوو دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراقی بە بڕیارێکی وەلائی، جێبەجێکردنی سێ یاساکەی راگرت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ