رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی دەڵێت، پێویستە قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی كوردستان و بەها بەرزەکانی راپەڕین و بنەماکانی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و ئاشتیخوازی و مرۆڤدۆستیی گەلی کوردستان، "هەمیشە بپارێزین."
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە یادی 33یەمین ساڵیادی راپەڕینی گەلی کوردستان دا پەیامێکی بڵاوکردەوە.
رۆژی 05-03-1991 خەڵکی رانیە لە دژی رژێمی بەعس راپەڕین، دواتر ئەو راپەڕینە هەموو شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستانی گرتەوە و بووە هۆی ئازادکردنی بەشێکی زۆر لە خاکی باشووری کوردستان و دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئەمڕۆ کە یادی راپەڕین دەکەینەوە زۆر گرنگە و پێویستە هەموو لایەن و پێکهاتە و هەر تاکێکی کوردستانی، بە یەکڕیزی و یەکدەنگی، داکۆکی لە دەستکەوتە نیشتمانییەکان و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان بکەن."
مەسرور بارزانی دەشڵێت، پێویستە قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی كوردستان و بەها بەرزەکانی راپەڕین و بنەماکانی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و ئاشتیخوازی و مرۆڤدۆستیی گەلی کوردستان، هەمیشە بپارێزین و گەشەیان پێ بدەین، "بە دڵنیاییشەوە سەروەریی هەموومان بەندە بە بوونی كوردستانەوە."
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هاوکات، باس لەوە دەکات، با یادی راپەڕین، "هاندەری زیاترمان بێت بۆ ئەوەی پشتیوانی قەوارەی دەستووری هەرێم و حکومەتی هەرێمی کوردستان بین."
ئەوەش وەکو خۆی دەڵێت، "تا بتوانێت بە باشترین شێوە، خزمەتێکی شایستەتر پێشکەشی سەرجەم خەڵکی کوردستان بکات و بەیەکەوە، هەرێمی کوردستان، بەرەو قۆناغێکی گەشەسەندووتر ببەین."
دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان:
لە سی و سێیەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی شکۆداری ساڵی 1991ی گەلی کوردستاندا، گەرمترین پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەکەم. ڕێز و پێزانینم بۆ هەموو تێکۆشەران و کوردستانپەروەران و بەشدارانی ڕاپەڕین و بۆ هەموو ئەوانەی لە كاروانی ئازادی و سەرفرازی و پێشكەوتن و ئاوەدانیی و خۆڕاگریی هەرێمی كوردستاندا، ڕەنجیان دا و ماندوو بوون، دروود بۆ گیانی پاكی ئەو شەهیدانەی لەم ڕێگەیەدا گیانیان بەخت كرد.
راپەڕینی ئاداری 1991، یەکێکە لە گرنگترین ڕووداوە بەرهەمدارەكانی مێژووی كوردستان و شانازییەكی گەورە و سەروەرییەكی مەزنی گەلی کوردستانە، کە بەرهەمی یەکڕیزی و یەکگرتوویی سەرجەم چین و توێژ و پێکهاتەکانی گەلی کوردستان و هێز و لایەنە کوردستانییەکان بوو، ڕەتکردنەوەی یەكجارەكیی ستەم و داگیرکاری و ژێردەستەیی بوو، بەرهەمەکەی دروستبوونی قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە شەرعی و دەستوورییەکانی هەرێم بوو.
ئەمڕۆ کە یادی ڕاپەڕین دەکەینەوە زۆر گرنگە و پێویستە هەموو لایەن و پێکهاتە و هەر تاکێکی کوردستانی، بە یەکڕیزی و یەکدەنگی، داکۆکی لە دەستکەوتە نیشتمانییەکان و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان بکەن.
بۆیە پێویستە قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی كوردستان و بەها بەرزەکانی راپەڕین و بنەماکانی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و ئاشتیخوازی و مرۆڤدۆستیی گەلی کوردستان، هەمیشە بپارێزین و گەشەیان پێ بدەین، بە دڵنیاییشەوە سەروەریی هەموومان بەندە بە بوونی كوردستانەوە.
با یادی ڕاپەڕین، هاندەری زیاترمان بێت بۆ ئەوەی پشتیوانی قەوارەی دەستووری هەرێم و حکومەتی هەرێمی کوردستان بین، تا بتوانێت بە باشترین شێوە، خزمەتێکی شایستەتر پێشکەشی سەرجەم خەڵکی کوردستان بکات و بەیەکەوە، هەرێمی کوردستان، بەرەو قۆناغێکی گەشەسەندووتر ببەین.
بەرز و شکۆدار بێت ساڵیادی راپەڕینی ئاداری 1991.
سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ڕاپەڕین و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ