رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق دەڵێت، هەر لایەنێکى سیاسی کۆنگرەی نەکردبێت یان ماوەى سەرۆکایەتی بەسەرچووبێت، ناتوانێت بەشدارى لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بکات.
هەیمان تەحسین، سەرۆکى فەرمانگەى پارت و رێکخراوە سیاسییەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق لە کاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی نیوڕۆژی رووداودا رایگەیاند، ماوەى تۆمارکردنى ناوى هاوپەیمانێتیەکان درێژناکرێتەوە، چونکە ئەگەر درێژ بکرێتەوە، دەچێتە سەر کاتى تۆمارکردنى لیستى بەربژێران.
هەیمان تەحسین گوتى، "ئەگەر هەیە لە 12ى ئاداردا دەست بکەین بە وەرگرتنى لیستى بەربژێرەکان".
ئەمڕۆ سێشەممە 5-3-2024 تۆمارکردنی ناوى هاوپەیمانێتییەکان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەستیپێکرد کە تاوەکو 14ى ئادار بەردەوام دەبێت.
سەرۆکى فەرمانگەى پارت و رێکخراوە سیاسییەکانى کۆمیسیۆن ئاماژەى بەوەکرد، کار بە یاسا کارپێکراوەکانى هەرێمى کوردستان و عێراق دەکەن تایبەت بە بەشدارى لایەنەکان لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان و لەسەر ئەو بنچینەیەش ئەو پارتە سیاسییانەى لە فەرمانگەکەى یان لە وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان تۆمارکراون، دەتوانن بەشدارى لە هەڵبژاردنەکەدا بکەن.
بە گوتەى هەیمان تەحسین، لیست مافی نییە بەشدار بێت لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کە پێشتر هەبووە و پارتى سیاسی نەبووە؛ تەنیا پارت یان هاوپەیمانى یان بەربژێرى سەربەخۆى تاک دەتوانێت لە هەڵبژاردنەکەدا بەشدار بێت.
هەیمان تەحسین رایگەیاند، هەر لایەنێکى سیاسی کۆنگرەی نەکردبێت یان ماوەى سەرۆکایەتی بەسەرچووبێت، ناتوانێت بەشدارى لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بکات.
رۆژی 3ـى ئاداری 2024، نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان فهرمانى ههرێمی بۆ دياريكردنى رۆژى ههڵبژاردنى پهرلهمانى كوردستان واژۆ كرد کە رۆژى 10-6-2024ـە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ