رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنى کۆمیسیارانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق خستەى کاتى کارى کۆمیسیۆنى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان پەسند کرد و بڕیارى پێکهێنانى چەند لیژنەیەک درا بۆ سەرپەرشتیکردن کارى نووسینگەکانى کۆمیسیۆن لە هەرێمى کوردستان پێکهێندران.
5ى ئاداری2024، جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئەنجوومەنى کۆمیسیاران خشتەى کاتى کارى کۆمیسیۆنى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان پەسند کرد.
بەوپێیەش کۆمیسیۆن بەردەوام دەبێت لەکار و ئامادەکارییەکانى بۆ ئەو هەڵبژاردنە لە 10ى حوزەیرانى 2024.
ئەو خشتەیە تایبەتە بە ئامادەکارییەکانى کۆمیسیۆن بەگوێرەى رۆژەکان بەر لە هەڵبژاردن، تاوەکو ئێستا پرۆسەى تۆمارى ناوى هاوپەیانێتى، بەربژێران، تیروپشکى ژمارەى لیستە بەشداربووەکان ماون تەواو بکرێن.
ئەمڕۆ سێشەممە تۆمارى ناوى هاوپەیمانێتییەکان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەستیپێکرد کە تاوەکو 14ى ئادار بەردەوام دەبێت.
جومانە غەلاى رایگەیاند: "ئەنجوومەنى کۆمیسیاران لە بڕیارێکى دیکەدا پێشنیازێکى بۆ پێکھێنانى چەند لیژنەیەک پەسەند کردووە کە سەرپەرشتیی کارى نووسینگەکانى کۆمیسیۆن لە هەرێمى کوردستان دەکەن بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمان و ئامادەکارییەکان بۆ ئەو پرۆسەیە."
گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ئاماژەى بەوەدا کە هەریەک لەو لیژنانە لەلایەن ئەندامێک یان دوو ئەندامى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران سەرۆکایەتى دەکرێت و دەچنە هەرێمى کوردستان و بەسەر چوار بازنەدا دابەش دەبن و ئەو هەنگاوە تەنیا فەرمانى کارگێڕى ماوە بۆ دەستنیشانکردنى لیژنەکان و دەستبەکار بوونیان.
رۆژی 3ـى ئاداری 2024، نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان فهرمانى ههرێمی بۆ دياريكردنى رۆژى ههڵبژاردنى پهرلهمانى كوردستان واژۆ كرد، کە رۆژى 10-6-2024ـە
.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ