رووداو دیجیتاڵ
دادگەی فیدراڵیی عێراق، سکاڵاکەی بەڕێوەبەری گشتیی دژە تیرۆری سلێمانی رەتکردەوە و رایگەیاند: سکاڵاکە لە پسپۆڕی ئەواندا نییە.
رۆژی چوارشەممە، 05-03-2025، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، هۆکاری رەتکردنەوەی وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆری سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا روونکردەوە.
وەهاب هەڵەبجەیی سکاڵای لەدژی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر پێشکێش کردبوو و داوای کردبوو، دادگەکە ئەو یاسایە بە نادەستووریی بناسێنێت، هەروەها داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو حوکمەی کردبوو کە لەلایەن دادگەی تاوانەکانی هەولێر/2 لە دژی ئەو دەرچووە.
یاساى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر لە ساڵى 2006 لە پەرلەمان پەسند کرا. لە مادەى 18دا ئاماژە بەوە دراوە، بۆ ماوەى دوو ساڵ کار بە یاساکە دەکرێت لە رۆژى بڵاوکردنەوەى لە رۆژنامەى وەقائیعی کوردستان.
لە ساڵى 2018 پەرلەمانی کوردستان یاساى کارپێکردن بە یاسای بەرەنگاربوونەوەى تیرۆرى دەرکرد، کە تێیدا ئاماژە بەوە دراوە کە کار بەو یاسایە دەکرێت؛ بەبێ ئەوەى ئاماژە بە وادەیەکى دیاریکراو بکات، کە تێیدا یاساکە کارا دەبێت، وەکو ئەوەى لە یاساکەى ساڵى 2006 هاتووە، کە بۆ ماوەى دوو ساڵ بووە.
7ى تشرینى یەکەمى 2022 لە گەڕەکی سەربەستیی شاری هەولێر، دوو بۆمب بە ئۆتۆمبێلێکدا تەقینەوە و لە ئەنجامدا عەقید هاوکار عەبدوڵڵا، ناسراو بە هاوکار جاف گیانی لەدەستدا و لەسەر ئەو دۆسیەیە لە 4ى حوزەیرانى 2023، دادگەی تاوانی هەولێر، بە غیابی سزاى لەسێدارەدانى بۆ شەش کەس دەکرد، کە وەهاب هەڵەبجەیی یەکێکیان بوو.
وەهاب هەڵەبجەیی لە سکاڵاکەیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارەی دادگەی تاوانی هەولێری کردبوو.
لە 12ى تشرینى یەکەمى 2022 ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ڤیدیۆیەکدا دانپێدانانی شەش کەسی بڵاوکردەوە، کە تۆمەتبار کرابوون بە کوشتنی هاوکار جاف، ئەفسەری پێشووی دژەتیرۆری یەکێتی.
ئەنجوومەنی ئاسایش لە ڤیدیۆکەیدا تیمێکی دژەتیرۆری سلێمانی بە کوشتنی هاوکار جاف تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، بە فەرمانی راستەوخۆی "بەرپرسی دژەتیرۆری سلێمانی" و "بەرپرسی هەواڵگریی دژەتیرۆری سلێمانی" کراوە، بەڵام دواتر دەزگای دژەتیرۆری سلێمانی، راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی رەتکردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ