کوردستان
د. دلاوەر ئاژگەیی و بێرت یان رویسن، ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا لە گرووپی کۆنسێرڤاتیڤ و ریفۆرمیستەکان.
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا، لەگەڵ ئەندامێکی پەرلەمانی ئەورووپا کۆبووەوە و رایگەیاند، سەرەڕای بێلایەنیی هەرێمی کوردستان لە ململانێکاندا، گرووپە تووندڕەوەکان لە رێگەی درۆنەوە هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان و مەترسی بۆ سەر ئاسایش و گیانی هاووڵاتیان دروست دەکەن.
رۆژی پێنجشەممە، د. دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەریی شاندێک، لە تەلاری پەرلەمانی ئەورووپا لەگەڵ (بێرت یان رویسن - Bert-Jan Ruissen)، ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا لە گرووپی کۆنسێرڤاتیڤ و ریفۆرمیستەکان کۆبووەوە.
پرسی ئاسایش و هێرشە درۆنییەکان
لە دیدارەکەدا دوایین پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران. نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان سیاسەت و تێڕوانینەکانی حکومەتی بۆ کۆی رووداوەکان روون کردەوە و لە لێدوانێکیدا بۆ رووداو ئاماژەی بەوە کرد، "سەرەڕای ئەوەی هەرێمی کوردستان لەو شەڕ و ئاڵۆزییانەی ناوچەکەی گرتووەتەوە بێلایەنە، بەڵام لەلایەن گرووپە تووندڕەوەکانەوە هێرشی درۆنی دەکرێتە سەر، ئەمەش بووەتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی کوردستان."
داواکاری بۆ پشتگیریی زیاتری یەکێتیی ئەورووپا
دلاوەر ئاژگەیی داوای لە یەکێتیی ئەورووپا کرد، لە ئەگەری هەر گۆڕانکارییەکی چاوەڕواننەکراو لە ناوچەکەدا، بەردەوام بن لە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان؛ جەختیشی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان فاکتەرێکی سەرەکیی ئاسایش و سەقامگیرییە و بڕوای تەواوی بە چارەسەری کێشەکان لە رێگەی ئاشتی و لێکتێگەیشتنەوە هەیە.
هەڵوێستی پەرلەمانی ئەورووپا
بە گوتەی دلاوەر ئاژگەیی، بێرت یان رویسن، پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردووەتەوە و و رایگەیاندووە، بەهۆی ئەو رۆڵە گرنگەی هەرێمی کوردستان لە قۆناخە جیاوازەکاندا گێڕاویەتی و ئەو قوربانییانەی لەپێناو دیموکراسی و ئاسایشدا داویەتی، "پێویستە یەکێتیی ئەوروپا بەهێزتر پشتگیری لە هەرێمی کوردستان بکات."
هەروەها ئامادەیی خۆی بۆ هەر جۆرە هاوئاهەنگییەک لەو چوارچێوەیەدا دەربڕی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ