37ـەمین رۆژی جەنگ؛ هەرێمی کوردستان بە 650 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەری

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی نوێترین ئاماری تۆڕی میدیایی رووداو کە رۆژانە تۆماری دەکات، لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوباتەوە، هەرێمی کوردستان بە 650 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەری.
 
بە گوێرەی بەدواداچوونەکەی رووداو، لە 24 کاژێری رابردوودا بە 12 درۆن هێرش کراوەتەسەر هەرێمی کوردستان؛ 9یان بۆسەر هەولێر و کۆیە بوون و 3 دانەکەی دیکەش بۆسەر سلێمانی.
 
بەگوێرەی سەرچاوەکانی رووداو، لە 24 کاژێری رابردوودا هێرش لە سنووری دهۆک و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەی سەربەخۆی سۆران نەبووە کە رۆژانی رابردوو بە مووشەک و درۆن هێرش بۆسەر ئەو ناوچانەش هەبوو.
 
ئاماری هێرشەکان بە گوێرەی پارێزگاکان
 
- پارێزگای هەولێر: 516 درۆن و مووشەک
- پارێزگای سلێمانی: 107 درۆن و مووشەک
- پارێزگای دهۆک: 25 درۆن و مووشەک
- پارێزگای هەڵەبجە: 2 درۆن
 
نوێترین ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان:
 
- شەوی شەممە نزیک کاژێر 09:00، درۆنێک لە ئاسمانی شاری هەولێر تەقێندرایەوە.
 
- نزیک کاژێر 08:20ـی شەوی شەممە، درۆنێک لە ئاسمانی هەولێر تێکشکێندرا.
 
- نزیک کاژێر 06:00ـی ئێوارەی شەممە، درۆنێک لە ئاسمانی هەولێر تێکشکێندرا.
 
- کاژێر 07:00ـی ئێوارەی دوێنێ، دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە کۆیە بیسترا. روون نییە مووشەک یان درۆن بووە.
 
- کاژێر 15:00ـی ئێوارەی شەممە، دەنگی تەقینەوەیەک نزیک گوندی کێشکە لە سەر رێگەی سماقووڵی لە هەولێر بیسترا. روون نییە درۆن بووە یان مووشەک.
 
- نزیک کاژێر 09:00ـی شەوی رابردوو، بە چوار درۆن هێرش کرایە سەر کەمپی ئازادیی لە کۆیە. بەگوێرەی سەرچاوەیەک لە ناوچەکە بۆ رووداو، "زیانی گیانی نەبووە".
 
- دوێنێ شەممە، بە درۆن هێرش کرایەسەر هێزەکانی حەفتای پێشمەرگە لە سلێمانی؛ هەروەها شەوی رابردوو کاژێر 08:39 درۆنێک لە گوندی شێخ وەیساوای سلێمانی کەوتە خوارەوە. دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەردوو هێرشەکە "زیانی گیانییان نەبووە".
 
- شەوی شەممە، درۆنێک لە نزیک پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە سلێمانی کەوتە خوارەوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، زیانی گیانی نەبووە.
 
قوربانیی هێرشەکان
 
بەگوێرەی ئامارەکان، لە ئەنجامی هێرشەکان لە 28ی شوباتەوە 14 کەس گیانیان لەدەستداوە و 93 کەسیش بریندار بوون.
 
ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، شەشیان پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک بوون لە سنووری خەلیفان لە پارێزگای هەولێر شەهید بوون، یەکێکیان کارمەندێکی ئاسایش بوو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر شەهید بوو، شەشیان پێشمەرگەی سێ حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون کە دووانیان لە هەولێر و دووانیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و دووانەکەی دیکەش لە سنووری باشیک لە دەشتی نەینەوا شەهید بوون، هەروەها 12ـی ئادار سەربازێکی فەرەنسا لە هەولێر گیانی لەدەستدا.
 
بە گوێرەی ئاماری کۆکراوەی رووداو، بەشێکی بریندارەکان بریتین لە 30ـی پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سێ کارمەندی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، هەروەها سێ پێشمەرگە، دوو پاسەوانی تایبەت لە بارەگای پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی، پاسەوانێکی هۆتێل تایتانیک لە سلێمانی، هەروەها دوو کارمەندی بەرگریی شارستانیی خەلیفان و دوو پێشمەرگە لە هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە و یەک پۆلیس هەن.
 
هەر لەنێو بریندارەکان 18 سڤیل هەن، یەکێکیان ماتۆڕسواری دیلیڤەری بوو لە هەولێر، یەک بریندار لە کەمپی باجد کەنداڵ لە زاخۆ، پەرستارێک لە کەمپی ئازادی لە کۆیە، سێ سڤیلی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کەمپی زەوی سپی لە کۆیە و یەک منداڵیش لە گەڕەکی قالاوە لە سلێمانی، هەروەها دوو هاونیشتمانی لە کەمپی جەژنیکانی سنووری هەولێر و چوار هاونیشتمانی لە گەڕەکێکی هەولێر بریندار بوون؛ هەروەها دوو قوتابی لە سنووری قەزای خەبات لە پارێزگای هەولێر بریندار بوون و 31ـی ئادار سێ مێردمنداڵی دیکە لە هەولێر بریندار بوون.
 
بریندارەکانی دیکە پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و پێنج سەربازی فەرەنسی بوون لە هەولێر.
 
ئەو ناوچانەی بۆردوومان کراون
 
پارێزگای هەولێر
درۆن و مووشەک لەم ناوچە و گەڕەکانە کەوتوونەتە خوارەوە: گوندی کێشکە، دۆڵی مەلەکان، هەریر، کانی قرژاڵە، بالیسان، خەبات، ناحیەی رزگاری، سپیلک، مەلا قەرە، کارێزان، کەمپی زەوی سپی، کەمپی جەژنیکان، کانی قرژاڵە، دریم سیتی، کەسنەزان، پیرزین، فەرمانبەران، سێبیران، رۆشنبیری، ژیان، کوردستان، نەورۆز، نووسەران، هەڤاڵان، کارێزان، گوندی کۆری، گەزنە، بەحرکە، عەنکاوە، خەلیفان، فڕۆکەخانەی هەولێر و دەوروبەری، دێگەڵە، کەمپی ئازادی، چۆمان، سۆران و بارەگای یەکەکانی پێشمەرگە.
 
‎پارێزگای سلێمانی
سلێمانی، گوندی شێخ وەیساوا، گردی ریعایە، مێرگەپان، قالاوە، گەڕەکی بەرانان، شەقامی 60 مەتری، گوندی زڕگوێز، گوندی زڕگوێزەڵە، ناحیەی سوورداش، قەزای كفری، هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە، گەڕەکی تاسڵوجە، چیای زمناکۆ و بارگەی یەکەکانی پێشمەرگە.
 
‎پارێزگاکانی دهۆک و هەڵەبجە
کێڵگەی نەوتی سەرسنگ، کەمپی باجد کەنداڵ، سنووری ئاکرێ، سنووری ناحیەی بجیل، سنووری قەزای بەردەڕەش و گەڕەکی ماڵتا لە شارەکە. هەروەها سێ درۆنی دیکە لە کێڵگەی نەوتی چەمانکێ کەوتنە خوارەوە و لە سنووری ئامێدیش 3 درۆن کەوتوونەتە خوارەوە.
هەروەها پارێزگای هەڵەبجە و چیای شنروێ لەو شوێنانە بوون کە لە یەک هێرشدا بە دوو درۆن بۆردوومان کراون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە