رووداو دیجیتاڵ
نرخی کیلۆیەک تەماتە لە فرۆشگەکانی هەرێمی کوردستان بۆ زیاتر لە 1500 دینار بەرزبووەتەوە. سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر دەڵێ، دەکرێ لە هەفتەی داهاتووەوە نرخەکە ئاسایی بێتەوە.
رەجەب حاجی عەزیز، سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر، رۆژی یەکشەممە، 5ـی نیسانی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەرهەمی نێوخۆی هەرێمی کوردستان وەک پێویست پێنەگەییوە و تەماتەی ئێرانی هەیە، ئەویش بە کۆ کیلۆی نزیکەی هەزار دینارە".
ئەو تەماتەیەی رەجەب حاجی عەزیز باسی دەکات، کیلۆی بە 1500 دینار و زیاتر دەگاتە دەستی هاونیشتمانییان.
هەفتەیەک لەمەوبەر کیلۆیەک تەماتە بە کۆ نزیکەی 500 دینار بوو. رەجەب حاجی عەزیز گوتی: "ئێستا تەماتەی زستانەش تەواو بەرەو کەمبووەنەوە دەچێ، ئێرانیش بەهۆی نێوخۆوە رێگە نادات هەموو جۆرێکی تەماتە هەناردە بکرێ، ئەوانە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکەن".
سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر گوتی: "دەکرێ لە هەفتەی داهاتووەوە بەرهەمی زیاتر هاوردە بکرێ و دۆخەکە بەرەو ئاساییبوونەوە بچێ و نرخ دابەزێتەوە".
وەرزی پێگەیشتنی تەماتەی نێوخۆ هاوینە و ساڵانە لەکاتی پێگەیشتنیدا بۆ پاراستنی بەرهەمی نێوخۆ هاوردەکردنی قەدەخە دەکرێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ