نزیکەی هەزار پێشمەرگەی خانەنشین 14 مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە؛ کەی وەریدەگرن؟

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی گواستنەوەی مامەڵەکانیان لە وەزارەتی پێشمەرگەوە بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، 14 مانگە نزیکەی هەزار پێشمەرگەی خانەنشین مووچەیان وەرنەگرتووە. بەرپرسێکی خانەنشینی پێشمەرگە دەڵێ، مانگی سێ و چوار هەموویان مووچە وەردەگرن.
 
فەتحوڵڵا عومەر، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگە، رۆژی یەکشەممە، 5ـی نیسانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەم مانگە مامەڵەی هەموو ئەو خانەنشینانە تەواو کرا کە 14 مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە و هیچ مامەڵەیەکیان لای ئێمە نەماوە".
 
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگە گوتی: "مانگانە هەر جارە و کۆمەڵێك لەوانەی مامەڵەیان تەواو کراوە مووچەیان وەرگرتووە. ئێستاش لەو هەزار کەسەی تاوەکو ئەمڕۆ مووچەیان وەرنەگرتووە، بەشێکیان مووچەیان بۆ بەستراوە و لە مووچەی مانگی سێ دا مووچە وەردەگرن".
 
فەتحوڵڵا عومەر گوتی: "بۆ مووچەی مانگی چوار هیچ خانەنشینێک نامێنێ مووچەکەی وەرنەگرتبێ، واتە ئەوانەی مانگی سێ بۆیان نەبەستراوە، بە دڵنیاییەوە بۆ مانگی چوار بۆیان دەبەسترێ و مووچە وەردەگرن".
 
دواکەوتنی مووچەی خانەنشین چەند هۆکارێکی هەیە. بەشێکیان پێشتر لە یەکەکانی 70 و 80ـی پێشمەرگە بوون و گوێزراونەتەوە بۆ وەرزارەتی دارایی و رێکاری یاسایی و کارگێڕی پێویست بووە، بەشێکیشیان ساڵی 2024 خانەنیشن بوون و مامەڵەکانیان دواکەوتووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە