رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە پارێزگای سنە، دوو هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا و دووی دیکەش بریندار بوون.
رووداوەکە شەوی رابردوو لە رێگەی نێوان شارەکانی دیواندەرە-سنە روویدا و سێ ئۆتۆمبێلی تایبەت لە جۆری پراید، پیجۆ و پیکاپ پێکیاندادا.
سەتار عەلیپەنا، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی شاری دیواندەرە رایگەیاند، لە رووداوەکەدا دوو هاونیشتمانی گیانیان لەدەستداوە و دووی دیکەش بریندار بوون.
بەڕێوەبەری پۆلیسی رێگەوبانی پارێزگای سنەش رایگەیاند، رووداوەکە لە ئەنجامی هەڵەی شۆفێری پیجۆکە بووە.
حەمیدڕەزا عەبدولمالیکی گوتی، لادانی ئۆتۆمبێلە پیجۆکە لە رێڕەوی خۆی و تیژڕۆیی هۆکاری رووداوەکە بووە.
ساڵانە هەزاران کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدەدەن.
بەپێی دادپزیشکیی ئێران، لە 21-03-2024 تاوەکو 21-03-2025، 20 هەزار و 45 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە.
بە گوتەی محەممەد ئیسماعیل قیداری، سەرۆکی زانکۆی پزیشکیی بەهەشتی لە تاران، رووداوەکانی هاتووچۆ لە ئێران دوای نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجە، سێیەمین هۆکاری گیانلەدەستدانن لە ئێران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ