رووداو هۆکاری خاویی بەڕێوەچوونی تەواوکردنی مامەڵەی زیاتر لە 30 هەزار خانەنشین بڵاودەکاتەوە

05-05-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

زیاتر لە 20 هەزار خانەنشین بەهۆی تەواونەکردنی مامەڵەکانیانەوە، لە مانگی 11ـی پارەوە مووچەیان وەرنەگرتووە. وێڕای شۆڕکردنەوەی دەسەڵات بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکان، مەرجەکانی وەزارەتی دارایی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ناچارکردووە، ئێستاش زۆرینەی مامەڵەکان رەوانەی هەولێر بکەن.
 
ئەم ساڵ لەدایکبووانی سێ ساڵ پێکەوە خانەنشین بوون کە ژمارەیان دەگاتە 30 هەزار کەس. بە گوێرەی لایەنی پەیوەندیدار بۆ رووداو، زیاتر لە 20 هەزار کەسیان پێنج مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە. بەڕێوەبەرێکی گشتیی خانەنشینیش هۆکاری خاوی تەواوکردنی مامەڵەکان دەخاتەڕوو.
 
سادق شێخ عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان، رۆژی دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "زیاتر لە 20 هەزار خانەنشین لە مانگی 11ـی پارەوە مووچەیان وەرنەگرتووە، ئەویش بە هۆکاری تەواونەبوونی مامەڵەکانیان".
 
بە گوێرەی بەدواداچوونی رووداو لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشین، تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی شەش هەزار خانەنشین مامەڵەیان تەواو کراوە، بەڵام سادق عوسمان دەڵێت: "مامەڵەکانیش تەواو بووبن کەمتر لە دوو هەزاریان بۆ مانگی چوار مووچەیان بۆ بەستراوە".
 
خانەنشینی سێ ساڵ پێکەوە سەرەتای ئەم ساڵ بوو، سەرەتا دەبوو هەموو مامەڵەکان بچنەوە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینیی هەرێمی کوردستان لە هەولێر، دواتر دەسەڵات شۆڕکرایەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکان، بەڵام دەسەڵاتەکە تەواوی خانەنشینان ناگرێتەوە".
 
بە گوێرەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو لە عێراق، ئەم ساڵ لەدایکبووانی ساڵەکانی 1962، 1963 و 1964 لە هەرێمی کوردستان خانەنشین بوون.
 
بۆچی مامەڵەکان خاو بەڕێوەدەچن؟
 
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی رۆژی دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداو دراون، "نووسراوی شۆڕکردنەوەی دەسەڵات لە 27-03-2025 لە وەزارەتی دارایی و ئابووری دەرکراوە، بەڵام چەندین مەرجی تێدایە و هەموو خانەنشینان ناگرێتەوە کە لە شارەکانی خۆیان مامەڵەکان تەواو بکەن، ئەوەش هۆکاری سستی بەڕێوەچوونی مامەڵەکانە".
 
محەممەد داود، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی راپەڕین، رۆژی دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە بە گوێرەی نووسراوی سەرووی خۆمان کاردەکەین. هەموو مامەڵەیەکی خانەنشینی ناتوانین لای خۆمان تەواو بکەین، بەڵام ئەوانەشی مەرجەکان دەیانگرێتەوە لە یەک رۆژدا دەتوانین مامەڵەیان تەواو بکەین و مووچەیان بۆ ببەستین".
 
لە نووسراوەکەی وەزارەتی داراییدا بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی خانەنشین ئاماژە بە هەندێک خاڵ کراوە کە لە خانەنشیناندا هەبێت، دەبێت دیسانەوە مامەڵەکانیان بچێتەوە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی لە هەولێر.
 
بەڕێوەبەری خانەنشینیی راپەڕین گوتی: "بە گوێرەی نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی، زۆرینەی مامەڵەکان چەند بڕگەیەکیان تێدایە و ناچارت دەکەن مامەڵەکان بنێریتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی لە هەولێر".
 
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی راپەڕین ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو مامەڵانەی لە دوای مانگی ئادارەوە پێویستیان بە هەولێر نەبووە و لە بەڕێوەبەرایەتییەکەی خۆیان دەسەڵاتی تەواوکردنیان هەبووە، تەنیا مامەڵەی 75 خانەنشینان بووە.
 
ئەو خانەنشینانەی مامەڵەکانیان هەولێری دەوێت
 
نێوەڕۆکی نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ مامەڵەی خانەنشینان کە بۆ رووداو نێردراوە، بەم شێوەیەیە:
 
- پێدانی دەسەڵات بەشێوەی کاتی بە بەڕێوەبەرایەتییەکان بۆ خێرا بەڕێکردنی مامەڵەی خانەنشینانی ساڵانی 1962-1963 و 1964 و ئەوانەی ئێستا تەمەنی یاسایی تەواو دەکەن تاوەکو کۆتاییهاتنی ئەم سێ تەمەنە لەچوارچێوەی یاسا و رێنماییەکان.
 
- مامەڵەی خانەنشینی پلەی تایبەت، دادوەر و خانەنشینبوون لەسەر داواکاری فەرمانبەر، کۆچکردوو، عەزل، فەسڵ، دەستلەکارکێشانەوە و لیژنەی پزیشکی رەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتییمان بکرێت بۆ جێبەجێکردنی مامەڵەکانیان و ئەوە لە دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتییەکاندا نییە.
 
- ئەوانەی هەژماری راژەیان هەیە یان لێبڕینی خانەنشینیان لێ وەرنەگیراوە بۆ خزمەتی هەژمارکراو، پێویستە بۆ جێبەجێکردنی مامەڵەکانیان رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بکرێن لە هەولێر.
 
ئەو مامەڵانەی خاڵی دووەم و سێیەمی نووسراوەکە نایانگرێتەوە، دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی خانەنشینی شارەکانیان بکەن و "لە یەک رۆژەدا مامەڵەکانیان تەواو دەکرێت".
 
بەرپرسێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی بە رووداوی گوت: "زۆرینەی مامەڵەکان پێش شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان نێردراون بۆ هەولێر؛ بۆیە ئێستا قەرەباڵخیی زۆر لە هەولێر دروستبووە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی شارەکان قەرەباڵخی ئەوتۆیان تێدا نەماوە".
 
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رۆژی 22-11-2022، حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق، ژمارە 9ی ساڵی 2014 پابەند کرد، بەڵام تاوەکو مووچەی مانگی تەممووزی 2024 جێبەجێ نەکرا.
 
ئەم ساڵ تاوەکو ئەمڕۆ مووچەی مانگەکانی یەک و دوو سێ دابەشکراوە. بەڵام جگە لە مووچەی مانگی نیسانی ئەم ساڵ، مووچەی 12ـی ساڵی رابردووش دابەش نەکراوە، بۆ ئەمەیان حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەغدا بە نەناردنی پارە تۆمەتبار دەکات و بەغداش رەتیدەکاتەوە.
 
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 312 هەزار خانەنشین هەن، 164 هەزار خانەنشینی شارستانی و 148 هەزاریشیان خانەنشینی سەربازین.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە