رووداو دیجیتاڵ
بەربژێرێکی دەرچووی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری، لە دادگەی فیدراڵیی عێراق سکاڵای تۆمار کردووە و داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان دەکات.
عومەر گوڵپی، رۆژی دووشەممە، سکاڵاکەی بردە دادگەی فیدراڵیی عێراق و بە رووداوی راگەیاند، "سکاڵای یاساییم لەسەر پەرلەمانی کوردستان تۆمارکردووە و داوام کردووە سێ بڕیار بدات، یەکەمیان؛ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان. دووەم؛ راسپاردنی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن بۆ دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و سێیەم؛ وەرگرتنەوەی هەموو ئیمتیازێکی مادی کە پەرلەمانتاران لە پێنج مانگی رابردوودا وەریان گرتووە."
لەبارەی هۆکاری سکاڵاکەیەوە دەڵێت: "نزیکەی حەوت مانگ بەسەر هەڵبژاردندا و پێنج مانگیش بەسەر دانیشتنی یەکەمی پەرلەماندا تێپەڕبووە، بەڵام تاوەکو ئێستا پەرلەمان نەیتوانیوە دابنیشێت، ئەمەش سەرپێچییەکی زەقی دەستوور و یاسا و ئیرادەی خەڵکی کوردستانە."
لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی 2024 بەڕێوەچوو، پەرلەمان یەک دانیشتنی کردووە بۆ سوێندخواردنی ئەندامە دەرچووەکان و تاوەکو ئێستا دانیشتنی دیکەی نەکردووە.
رۆژی دووشەممە، سامان ئەحمەد، بەرپرسی راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی گوت: "بۆ ئەوەی پەرلەمان دابنیشێت، پێویستە فراکسیۆنەکان لەسەر دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و کابینەی داهاتووی حکومەت رێکبکەون."
سامان ئەحمەد گوتی: "پەرلەمانی کوردستان ئامادەیە و چاوەڕێی دەرەنجامی کۆبوونەوەکانە."
لە دانیشتنی یەکەمی پەرلەمانی کوردستاندا، ئەندامە دەرچووەکان سوێندی یاساییان خوارد و بە فەرمی بوونە پەرلەمانتار، بەڵام تاوەکو ئێستا دانیشتنە تەواو نەکراوە، چونکە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵنەبژێردراوە.
بەرپرسی راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: "دانیشتنی داهاتوو تەواوکەری دانیشتنی یەکەم دەبێت و دەستەی سەرۆکایەتیی هەڵدەبژێرێت، لە دانیشتنی دواتر سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵدەبژێردرێت و ئەویش کەسێک بۆ پێکهێنانی حکومەت رادەسپێرێت و پەرلەمانیش دەنگ بە کابینەکەی دەدات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ