رووداو دیجیتاڵ
سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان لە کاتی پێشوازیی لە شاندێکی یەکێتیدا گوتی، "ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی هه‌رێمی کوردستان ده‌سته‌مۆكراوه"، دواتر لە روونکردنەوەیەکدا نووسینگەکەی گوتی، ئەو گوتەیە پەیوەندی بە کوژرانی هاوکار جاف و "تۆمه‌تباریی یان تاوانباریی" وەهاب هەڵەبجەییەوە نییە.
رۆژی دووشەممە 05-06-2023، شاندێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی کۆمەڵی دادگەری کوردستانی کرد و دوای کۆبوونەوەکە، لەلایەن سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری، کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەش بەڕێوەچوو.
سەعدی ئەحمەد پیرە لە وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەڤانان لەبارەی دۆسییەی ''تیرۆری'' عەقید هاوکار جاف گوتی، "دادگەی تاوانی هەولێر سەربەخۆ نییە و هەر شەرم دەکەم باسیشی بکەم، من پێموایە بەو جۆرە مەسەلەی دادگاییش سووک دەکەین.''
دوێنێ یەکشەممە، لەسەر بڕیاری دادگەی تاوانی هەولێر، کەیسی عەقید هاوکار جاف حوکمی غیابیی لەسێدارەدانی بۆ شەش کەس دەرکرد، بڕیارە 8ـی ئەم مانگەش دادگە جارێکی دیکە دابنیشێت لەبارەی ئەو کەسانەی دیکە کە لە کەیسەکەیدا تێوەگلاون.
هەروەها عەلی باپیریش لەبارەی دادگەی تاوانی هەولێر جەختی لەوە کردەوە، "دەسەڵاتێکی ناسەربەخۆیە و بوونی دەسەڵاتێکی بەوجۆرە دەستەمۆکراو لە هەرێمی کوردستان، شوورەیی و عەیبە."
دواتر نووسینگەی سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەو گوتەیە پەیوەندی بە دۆسییەی هاوکار جاف و "تۆمه‌تباریی یان تاوانباریی" وەهاب هەڵەبجەییەوە نییە.
وەک نووسینگەی عەلی باپیر دەڵێت، "به گشتی له‌باره‌ی ده‌ستوه‌ردانی دادوەرییەوە قسه‌ی كردووه، هه‌رچی دیكه له‌وباره‌یەوە بگوترێت زیاده‌یە."
محەممەد جاف، برای عەقید هاوکار جاف دوێنێ یەکشەممە بە رووداوی گوت، "ئەوانەی بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە ئەوانەن کە جێبەجیکاری راستەوخۆی پلانی کوشتنەکەن و ئەوانەی ماون، ئەوانەن کە چاودێری و بەدواداچوونیان کردووە و لەداهاتوودا بڕیاریان بۆ دەردەچێت."
دەقی روونکردنەوەکەی نووسینگەی سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان
قسه‌ی مامۆستا عه‌لی باپیر سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان له میانه‌ی كۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌وانیی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه (5/6/2023) له‌باره‌ی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی هه‌رێمه‌وه كه ده‌سته‌مۆكراوه، هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی نیه به كوژرانی كاك هاوكار جاف و تۆمه‌تباریی یان تاوانباریی كاك وه‌هاب هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌وه‌و، به‌گشتی له‌باره‌ی ده‌ستتێوه‌ردانی قه‌زاوه قسه‌ی كردوه‌و، هه‌رچی دیكه له‌وباره‌وه بگوترێ زیاده‌یه.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ