رووداو - قوشتەپە
ئەحمەد ئیسماعیل دوای 45 ساڵ دەیەوێت بگەڕێتەوە زێدی باب و باپیرانی لە گوندی برایم لەک؛ بەڵام دەڵێت، موختاری گوند و کارگێڕی ناحیەی قوشتەپە رێگرن لە گەڕانەوەیان.
ئەحمەد ئیسماعیل، خەڵکی گوندی برایم لەک دەڵێت، "هەوڵمان داوە گوندەکەمان ئاوەدان بکەینەوە، بەڵام ناهێڵن ئاوەدان ببێتەوە. هەموو گوندەکانی کوردستان ئاوەدان کراونەتەوە، تەنیا گوندی ئێمە ماوە ئاوەدان نەکراوەتەوە."
گوندی برایم لەک ساڵی 1978 لەلایەن رژێمی بەعس خاپوور کراوە و تاوەکو ئێستا خەڵکەکەی نەگەڕاونەتەوە. بەشێک لە گوندنشینان دەڵێن، بەهۆی ئاوەدان نەکردنەوەی گوندەکەیانەوە، گردی شوێنەواری، شوێنی قوتابخانە لەگەڵ شوێنی بنکەی ڤێتێرنەری لەلایەن موختار و چەند کەسێکی گوندەکەوە فرۆشراون.
سالم ئەکرەم، خەڵکی گوندی برایم لەک ئاماژە بەوە دەکات، "موختار و ماڵی موختار ناهێڵن ئەم گوندە ئاوەدان بکرێتەوە. گردی شوێنەواری، شوێنی قوتابخانە و شوێنی ڤێتێرنەریی گوندەکەشیان فرۆشتووە."
هاونیشتمانییەکی دیکەی خەڵکی گوندەکە بەناوی سەباح جەلال ئەوەی خستەڕوو، "شەش کیلۆمەتر لە قوشتەپە ،دوورە ئەوە بووە قەزا و هێشتا گوندەکەی ئێمە ئاوەدان نەکراوەتەوە؛ هەرگیز نەبووە ناو گوند بفرۆشرێت."
پەیامنێری رووداو چووە لای بەکر خدر، موختاری گوندەکە بۆ زانینی ئەوەی کە چۆن لە گوندەکە کڕین و فرۆشتنی بە موڵکەکانی حکومەت کردووە، ئەو گوتی، "دەوروبەری گردی شوێنەوارییەکە فرۆشراوە، گردەکە نەفرۆشراوە، شوێنی قوتابخانەکە فرۆشراوە لەگەڵ شوێنی ڤێتێرنەرییەکە."
12 خێزان بۆ دووبارە گەڕانەوەیان بۆ گوندەکەیان، داواکارییان پێشکێشی ناحیەی قوشتەپە کردووە، بەڵام تەنیا رەزامەندیی گەڕانەوە بە کەسێک دراوە.
عەبدولستار ئاغا عومەر، بەڕێوەبەری ناحیەی قوشتەپە رایگەیاند، "ئەوانەی دەیانەوێت لە شوێنی باب و باپیرانیان خانوو دروست بکەن، دەبێت ئەستۆپاکی بهێنن، تاوەکو ئێمەش رێگەپێدانیان پێبدەین."
رووبەری گوندی برایم لەک شەش دۆنمە، دەکەوێتە رۆژئاوای ناحیەی قوشتەپە، تاوەکو ئێستا هیچ خزمەتگوزارییەکی سەرەتایی بۆ گوندەکە رانەکێشراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ