لە وەرزی قەدەخەی راوەماسیدا 122 راوچی لە دهۆک دەستگیرکراون

05-06-2025
پەیمان محەممەد
ئەم ساڵ لە 20ـی ئادارەوە تاوەکو 20ـی حوزەیران راوەماسی قەدەخەیە.
ئەم ساڵ لە 20ـی ئادارەوە تاوەکو 20ـی حوزەیران راوەماسی قەدەخەیە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی بەشی فریاکەوتنی هێزی پێشمەرگەی پاراستنی ژینگە لە دهۆک دەڵێت، لە وەرزی قەدەخەی راوەماسیدا، 122 راوچییان دەستگیرکردووە. گوتیشی، ''نەبوونی سزای قورس، هۆکاری زیادبوونی سەرپێچیی لە یاسای قەدەخەی راوەماسییە.'' 
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 05-06-2025، موقەدەم رەمەزان سیاری، بەرپرسی بەشی فریاکەوتنی هێزی پێشمەرگەی پاراستنی ژینگە لە دهۆک بە حەیدەر دۆسکی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەم ساڵ لە وەرزی قەدەخەی راوەماسیدا، 122 راوچی لە سنووری پارێزگاکە دەستگیرکراون.
 
رەمەزان سیاری ئاماژەی دا، سەرەڕای راگەیاندنی قەدەخەی راوەماسی، هەندێک لە راوچییان بەردەوامن لە راو و ئەمەش زیان بە سامانی ماسی و دەستکەوتی خەڵکی ئێمە دەگەیێنێت.''
 
پار لە پێنجی ئادار، وەرزی قەدەخەکردنی راوەماسی دەستیپێکرد و تاوەکو 15ـی حوزەیرانی 2024 بەردەوام بوو، بەڵام ئەم ساڵ لە 20ـی ئادارەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو 20ـی حوزەیرانی 2025 بەردەوام دەبێت.
 
بەرپرسی بەشی فریاکەوتنی هێزی پێشمەرگەی پاراستنی ژینگە لە دهۆک باسی لەوە کرد، نەبوونی سزای قورس لەم وەرزەدا، هۆکاری زیادبوونی سەرپێچییەکانە، لە یاسای قەدەخەی راوەماسیدا.
 
بەگوتەی رەمەزان سیاری ''پێویستە ئەو سەرپێچیکارانەی دەستگیر دەکرێن، تاوەکو کۆتایی وەرزی قدەخەی راوەماسی رابگیرێن، بۆ ئەوەی هۆشدارییەک بێت بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە لەم وەرزەدا راوەماسی دەکەن.''
 
بەگوێرەی ئاماری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی ساڵانەی ماسی لە هەرێمی کوردستان 9 هەزار تۆنە، بەڵام خواستی ساڵانە دەگاتە 12 هەزار تۆن، ئەوەی دەمێنێتەوە هاوردە دەکرێت و زۆربەشی لە ئێرانەوە دەهێندرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.