رووداو دیجیتاڵ
ئەوەی لە سەرەتای ئەم ڤیدیۆیەدا دەردەکەوێت، دانیشتووێکی بەغدایە و خەریکی پێچانەوەی جانتاکەیەتی. دەیەوێت چەند رۆژێک لە گەرمای تاقەت پرۆکێنی بەغدا دوورکەونەوە و جەژن لە شاخ و تاڤگەکانی کوردستان بەسەر ببەن.
جەنە جابر، کچ و سێ نەوەکەی دەکاتە هاوڕێی ئەم گەشتەی رۆژانێکە چاوەڕێیەتی.
جەنە جابر، گەشتیارە و دەڵێت، "بەدڵنیاییەوە مامەڵەی جوان، کەشوهەوا، دیمەنە دڵڕفێنەکانی تاڤگە و سەوزاییەکان سەرنجمان رادەکێشێت، سرووشتەکەی زۆر جوانە. بەلای من سرووشتی کوردستان لە ئەورووپا جوانترە".
مستەفا عەزاوی، گەشتیارێکی دیکەیە و باس لەوە دەکات، "هاوڕێی زۆرم لە هەرێمی کوردستان هەیە، لە دهۆک، سلێمانی و هەولێر. ماوە ماوە لەگەڵ خانەوادەکەم سەردانیان دەکەم. نەک تەنیا لە رۆژانی جەژن، چونکە کەشی ئەوێ زۆر خۆشە".
زۆری خواست بۆ گەشتکردن ژمارەی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی زیاتر کردووە. لە عێراق 978 کۆمپانیای گەشتوگوزار تۆمار کراون. لەنێویاندا بەغدا بە 517 کۆمپانیا پشکی شێری بەرکەوتووە، زۆربەی گەشتەکانیش بۆ کوردستانە.
بەکر یاسین، خاوەن کۆمپانیای گەشتیارییە و دەڵێت، "خواستی خەڵک لە رۆژانی جەژن بۆ هەولێر، سلێمانی و دهۆک بۆ باکووری ئازیز خواستێکی زۆر بەرزە بەهۆی جیاوازی پلەکانی گەرما لەگەڵ بەغدا، شوێنی گەشتیاری هەیە و مامەڵەی خەڵکی کوردستان لەگەڵ گەشتیار باشە".
بەپێی ئاماری دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، پێشبینی دەکرێت بۆ ئەم جەژنە زیاتر لە 200 هەزار گەشتیاری عێراقی سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.
لەبەرەبەیانی یەکەم رۆژی جەژنی قوربان بەردەم ئەم کۆمپانیا گەشتیارییانە پڕدەبێت لە پاسی گەورە و مامناوەند، گەشتیاران بە تامەزرۆییەوە روو لە ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن. لە جیاوازییەکی زۆری پلەی گەرما رۆژانی جەژنیان لە هەرێمی کوردستان بەسەر دەبەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ