رووداو دیجیتاڵ
ئاگری باڵەخانەکەی ئامەد کۆژێندرایەوە. پارێزگاری شارەکە دەڵێت، ژمارەی گیانلەدەستدان بۆ چوار کەس بەرزبووەوە. تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە، نهۆمە سووتاوەکان سارد دەکەنەوە. لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە دەستیپێکرد.
رۆژی پێنجشەممە 5ـی حوزەیرانی 2025، ئاگر لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە گەڕەکی فورات سەر بە شارۆچکەی کایاپنار لە ئامەدی باکووری کوردستان کەوتەوە.
باڵەخانەکە 13 نهۆم بوو، ئاگرەکە لە نهۆمی 10ـەیەم بەرەو سەرەوە کەوتەوە. لە ماوەیەکی کەمدا ئاگرەکە گەیشتە نهۆمی سەرەوە. بەهۆیەوەی 27 کەس گیریان خوارد.
موراد زۆرلوئۆغڵو، پارێزگاری ئامەد، لە نوێترین پێشهاتدا بە رۆژنامەڤانانی وڵاتەکەی راگەیاند، منداڵێک کە بەسەختی لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەدا برینداربوو، دوای هەوڵی زۆری پزیشکەکان گیانی لەدەستدا. بەمەش ژمارەی گیانلەدەستدان بۆ چوار کەس بەرزبووەوە کە سیانیان منداڵن و چوارەمیش ژنێکی بەساڵاچوو بوو.
پارێزگاری ئامەد راشیگەیاند، دوای زیاتر لە دوو کاژێر و نیو، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە توانییان ئاگرەکە دابمڕکێننەوە. هەروەها تیمەکانی بەرگریی شارستانی، دەزگای ئافاد و فریاگوزاری خێرا 23 کەسیان رزگارکرد.
باسی لەوەشکرد، 17 بریندار لە بەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانەکاندا چارەسەر وەردەگرن. دۆخی تەندروستیی سێ لە بریندارەکان ناجێگیرە.
زۆرلوئۆغڵو لەبارەی بەردەوامی کاری تیمەکان رایگەیاند، سەرەڕای دامڕکاندنی ئاگرەکە، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە توانییان بگەنە تەواوی نهۆمەکان و ئێستا سەرقاڵی ساردکردنەوە و ئاوپڕژاندنی نهۆمە سووتاوەکان بۆ دڵنیابوونەوە لە کوژانەوەی تەواوی ئاگرەکان. هاوکات تیمەکانی دەزگای ئافاد و فریاگوزاری زیاتر لە جارێک پشکنینیان بۆ تەواوی نهۆمەکان کرد بۆ ئەوەی دڵنیاببنەوە لەوەی قوربانی دیکە نەبووە.
زۆرلوئۆغڵو گوتی، پۆلیس و تیمە پەیوەندیدارەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ زانینی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ