رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی زانکۆی پزیشکیی کرماشان رایگەیاند، هەوای شارەکانی پارێزگاکە پیسە و هۆشداری بە کەسانی هەستیار و منداڵان دەدات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ی حوزەیرانی 2025، فەریبورز ئەمانی، جێگری سەرۆکی زانکۆی پزیشکیی کرماشان رایگەیاند، "هەوای شارەکانی کرماشان، بەهۆی زۆربوونی رێژەی گەردیلە زیانبەخشەکانەوە، لە ئاستی هۆشداریدایە و بۆ خەڵکی نەخۆش، منداڵ و بەساڵاچووان مەترسیدارە".
فەریبورز ئەمانی گوتی، "ئەو تۆز و خۆڵەی چەند رۆژێکە هاتووەتە بەرگەهەوای پارێزگاکە، بووەتە هۆی دابەزینی کوالیتی هەوا لە ناوچەکە و پێویستە ئەو کەسانەی ناچارن لە ماڵەکانیان بێنە دەرەوە دەمامک ببەستن".
فەریبورز ئەمانی ئاماژەی بەوەشکرد، هەوای پارێزگاکە بۆ خەڵکی نەخۆش، منداڵ و بەساڵاچووان مەترسیدارە و پێویستە بۆ کاری زۆر پێویست نەبێ لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە.
فەریبورز ئەمانی هەروەها باسی لە هەوای شارەکانی قەسرشیرین و سەرپێل زەهاویش کرد و بە "زۆر مەترسیدار" وەسفی کردن و هۆشداری دایە هاونیشتمانیان بەبێ دەمامک لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە. لە هەمانکاتدا داوای لە هاونیشتمانیان کرد لە چوون بۆ شاخەوانی و وەرزشکردن لە دەرەوە خۆیان بە دوور بگرن.
لە ماوەی 10 رۆژی رابردوو ئەوە دووەم جارە لە بارەی پیسبوونی هەوای کرماشان هۆشداری دەدرێت.
رۆژی دووشەممە 7ی نیسانی 2025، بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی کرماشان رایگەیاندبوو، لە 21-03-2024ـەوە تاوەکو 21-03-2025، 48 رۆژ هەوای پارێزگاکە پیس بووە.
بەپێی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، ساڵانە 50 هەزار کەس لەو وڵاتە بەهۆی کاریگەرییەکانی پیسبوونی هەوا گیان لەدەست دەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ