میوانخانەکانی هەرێمی کوردستان: بەبۆنەی جەژنەوە هۆتێلەکان پڕن لە گەشتیار

05-06-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەهۆی هاتنی جەژنی قوربانەوە، ژمارەیەکی زۆر گەشتیار لە نێوەڕاست و خوارووی عێراقەوە گەیشتوونەتە هەرێمی کوردستان. بەگوتەی لایەنە پەیوەندیدارەکان، بۆ پێشوازی لە گەشتیاران رۆژانی جەژن هەموو شوێنە گەشتیارییەکان کراوە دەبن.
 
بەرپرسی میوانخانەکانی دهۆک دەڵێت، هۆتێلەکانیان پڕ بوون لە گەشتیار. لە هەولێریش ئەمڕۆ 90%ـی هۆتێلەکان بۆ گەشتیاران دەگیرێن. بەرپرسی میوانخانەکانی سلێمانیش دەڵێت، گەشتیاری زۆر چوونەتە شارەکە و بۆ رۆژانی جەژن هۆتێلەکانیان پڕ دەبێت لە گەشتیار. لە هەڵەبجەش بۆ پێشوازی لە گەشتیاران ئامادەکاری کراوە.
 
میوانخانەکانی هەولێر: 80%ـی هۆتێلەکان پێشوەختە بۆ گەشتیار گیراون
 
بەگوێرەی ئاماری چێشتخانە و میوانخانەکان، لە سنووری پارێزگای هەولێر 445 هۆتێل و مۆتێل، 47 گوندی گەشتیاری و سەتان کەپری گەشتیاری هەن.
 
شوکر عەزیز، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانەکان - لقی هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو دوێنێ 80%ـی هۆتێلەکان لە رێگەی کۆمپانیاکانەوە بۆ گرووپە گەشتیارییەکان گیراون و ئەمڕۆ دەگاتە 90%".
 
شکور عەزیز گوتی، "بۆ رۆژانی جەژن هەموو هۆتێل، مۆتێل و شوێنە گەشتیارییەکان بۆ پێشوازی لە گەشتیاران کراوە دەبن".
 
میوانخانەکانی سلێمانی: شوێنمان نامێنێت
 
مەحموود تۆفیق، سەرۆکی لقی سلێمانی کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکان، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، گەشتیارێکی زۆر هاتوون، بەشێکی زۆری گەشتیارانیش پێش هاتنیان هۆتێلیان گرتووە و لە ئەمڕۆ بەدواوە دێن".
 
لە سلێمانی 380 هۆتێلی گەشتیاری، 50 هۆتێلی میلـلی، 8 هۆتێلی پێنج ئەستێرە و سەتان کابینە و کەپری گەشتیاری هەن.
 
سەرۆکی لقی سلێمانیی کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکان گوتی، "لە ئەمڕۆوە بۆ رۆژانی جەژن گەشتیاری زیاتر روو دەکەنە سلێمانی و هەموو هۆتێلەکان پڕ دەبن لە گەشتیار؛ هەموو ئامادەکارییەکیش بۆ ئەوە کراوە".
 
میوانخانەکانی دهۆک: هۆتێلەکانمان پڕ بوون لە گەشتیار
 
هەر ئەمڕۆ، شێخ ئیحسان عیسا، سەرۆکی لقی دهۆکی کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هۆتێلەکان پڕ بوون لە گەشتیار، کە زۆرینە پێشوەختە لەلایەن کۆمپانیاکانەوە گیرابوون".
 
شێخ ئیحسان گوتی: "بۆ ئەو گەشتیارانەی بە ئۆتۆمبێل دەچنە دهۆک، لە هەندێک لە هۆتێل و مۆتێلەکان شوێنیان بۆ دەکرێتەوە و رێگە نادەن گەشتیاران بێ شوێنی مانەوە بمێننەوە".
 
سەرۆکی لقی دهۆکی کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکان ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ چێشتخانە و شوێنە گەشتیارییەکانی دیکە گفتوگۆیان کردووە بۆ ئەوەی لە رۆژانی جەژن بۆ پێشوازی لە گەشتیاران کراوەبن.
 
لە هەڵەبجەش ئامادەکاری بۆ پێشوازی لە گەشتیاران کراوە. هەورامان جەلال، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی گەشتوگوزاری هەڵەبجە بە رووداوی گوت، "لە سەنتەری هەڵەبجە و ناحیەی تەوێڵە هۆتێل کراونەتەوە بۆ پێشوازی لە گەشتیاران ئامادەن؛ جگە لەوانەش کابینە، مۆتێل و کەپری گەشتیاری هەن و پێشوازی لە گەشتیاران دەکەن".
 
بەشێکی گەشتیارانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق گەیشتوونەتە سنووری هەڵەبجە و چاوەڕوان دەکرێت رۆژانی داهاتوو گەشتیاری زیاتر بچنە سنوورەکە، بەتایبەت بۆ هاوینە هەوارەکانی هەورامان لە سنووری پارێزگاکە.
 
زۆرینەی ئەو گەشتیارانەی لە بۆنە و وەرزەکانی گەشتکردن دێنە هەرێمی کوردستان، دانیشتووانی پارێزگاکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراقن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە