وەزارەتی بازرگانی: 10ـی ئەم مانگە وەرگرتنی گەنم لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات

05-06-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، 10ـی ئەم مانگە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات.
 
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رۆژی سێشەممە 10ـی ئەم مانگە دەرگای سایلۆی سلێمانی دەکرێتەوە و یەکەم بارهەڵگری گەنمی ئەم ساڵی جووتیاران وەردەگیرێت".
 
هەر ئەمڕۆ، میران بەختیار، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئامادەکارییەکانمان بەردەوامن بۆ وەرگرتنی گەنمی ئەم ساڵ و 12ـی ئەم مانگە دەرگەی سایلۆمان دەکرێتەوە".
 
لەبارەی وەرگرتنی گەنم لە شارەکانی دیکە، نەوزاد شێخ کامیل گوتی، "سێشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەکاتی کردنەوەی دەرگەی سایلۆی سلێمانی، وردەکاری وەرگرتنی گەنمی ئەم ساڵ لە تەواوی هەرێمی کوردستان رادەگەیێنن".
 
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق بڕیاریداوە، تەنیا 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، بەڵام وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان داوای زیادکردنی بڕەکەی کردووە و تاوەکو ئەمڕۆ وەڵام نەدراونەتەوە.
 
ساڵی رابردوو حکومەتی عێراق بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، 6ی حوزەیران فەرمانی بە کردنەوەی سایلۆکان کرد، تاوەکو دوایین رۆژ کە 20ی تەممووز بوو کراوە بوون.
 
ئەم ساڵیش هاوشێوەی پار، حکومەتی عێراق هەر تۆنێک گەنم بە 850 هەزار دینار لە جووتیاران وەردەگرێتەوە.
 
ساڵی رابردوو حکومەتی عێراق نزیکەی 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرت.
 
ساڵی 2023 حکومەتی عێراق 500 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەرگرت و ساڵی 2022ـش بەهۆی وشكەساڵی و کەمبارانییەوە بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، بۆیە حکومەتی عێراق بێسنوور گەنمەکەی وەرگرت، کە زیاتر لە 300 هەزار تۆن بوو.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.