رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، ئەوانەی نەیانتوانیوە بە هەر هۆکارێک کورسیی خوێندنی باڵا بەدەستبهێنن، مانگی ئەیلوول پرۆسەکە دەستپێدەکاتەوە و دەتوانن داواکاریی پێشکێش بکەن. گوتیشی، ئەو هاونیشتمانییانەی خەڵکی پارچەکانی دیکەی کوردستانن دەتوانن داواکاری بۆ تەواوکردنی خوێندنی باڵا پێشکێش بکەن.
د. ژاڵە سەعید، بەڕێوەبەری فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هەر خوازیارێکی تاقیکردنەوەی توانستی زانستی بیەوێت دەتوانێت لە ماوەی پێنج رۆژدا تانە لە ئەنجامەکان بدات کە فۆرمێکی ئەلیکترۆنییە و لە وێبسایتی زانکۆکان دانراوە.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان ئاماژەی بەوەشکرد، خوازیار هەیە لە تاقیکردنەوەی توانستی زانستی بۆ خوێندنی باڵا سەرکەوتوو بووە، بەڵام لە رکابەرییەکەدا نەیتوانیوە کورسی بەدەستبهێنێت. گوتیشی، ئەوانەی نەیانتوانیوە بە هەر هۆکارێک کورسیی خوێندنی باڵا بەدەستبهێنن، لە مانگی ئەیلوولدا پڕۆسەکە دەستپێدەکاتەوە بۆ خوازیاران و ئەوانیش دەتوانن تاقیکردنەوەی توانستی زانستی بۆ خوێندنی باڵا بکەن.
ژاڵە سەعید گوتی، لە ماوەیەکی نزیکدا چەند رێنوێنییەکی نوێ بۆ خوازیارانی خوێندنی باڵا رادەگەیێنن.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان دەڵێت، خوازیارانی خوێندنی باڵا لە هەر پارچەیەکی دیکەی کوردستان بن، یان خاوەنی هەر وڵاتینامەیەک بن لە بازنەی پارالێڵ بۆیان هەیە داواکاری بۆ خوێندنی باڵا پێشکێش بکەن. گوتیشی، ئەوانەی وڵاتینامە و پاسپۆرتیان نییە ئەوان لە خوێندنی باڵا ئاسانکارییان بۆ کردوون و دەتوانن بە کارتی مافی مانەوە داواکاری بۆ خوێندنی باڵا پێشکێش بکەن.
ژاڵە سەعید باسی لەوەشکرد، پڕۆسەی تاقیکردنەوەی توانستی زانستییان بەشێوەیەکی "شەفاف" بەڕێوەبردووە و لەو چوارچێوەیەدا نووسراویان بۆ دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان کردووە، کە هەرکاتێک بیانەوێت دەتوانن سەردانی زانکۆکان بکەن و لە پرسیارەکان و ئەنجامەکان و شەفافبوونی بکۆڵنەوە.
لەبارەی توانستی زمانیشەوە، بەڕێوەبەری فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان گوتی، ئەوانەی کورسییان بەدەستهێناوە کاتیان لەبەردەستدایە بۆ پێشخستنی زمان و تاوەکو کاتی گفتوگۆی ماستەرنامە یان تێزی دکتۆرا کاتیان دەبێت بۆ تاقیکردنەوەی توانستی زمان.
رۆژی سێشەممە، 4ـی تەممووز، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان ئەنجامی تاقیکردنەوەی توانستی زانستیی خوێندنی باڵا - دیبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرای پەسند کرد و لە ماڵپەڕەکەی بڵاویکردەوە.
رۆژی 12ی حوزەیران تاقیکردنەوەی توانستی زانستیی خوێندنی باڵا بۆ دیبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا بەڕێوەچوو، کە 15 هەزار و 728 کەس داواکارییان پێشکێش کردبوو و تاقیکردنەوەکەیان کرد. 11382یان بۆ ماستەر و 2692یان بۆ دکتۆرا، 177یان بۆ دیبلۆمی باڵای دوو ساڵەی پزیشکی و 1477یان بۆ دیبلۆمی باڵای یەک ساڵەی ئەکادیمی.
ئەمساڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا زیاتر لە 7000 کورسیی راگەیاند کە پێکدێن لە 2308 کورسیی دیبلۆمی باڵای یەک ساڵە، 160 دیبلۆمی باڵا دوو ساڵەی پزیشکی، بۆ خوێندنی ماستەر 3312 کورسی و بۆ خوێندنی دکتۆرا 1834 کورسی، بۆ بەدەستهێنانی ئەو کورسییانە 15 هەزار و 728 کەس تاقیکردنەوەی توانستی زانستیی خوێندنی باڵایان ئەنجامدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ