لە گرعزێر سێ پۆلیس بە دار و شەق لە گەنجێکی کوردی ئێزدی دەدەن

05-07-2023
سۆران حوسێن
وێنەی کاتی هێرشکردنە سەر گەنجەکەی شنگال لە لایەن سێ گەنجەوە
وێنەی کاتی هێرشکردنە سەر گەنجەکەی شنگال لە لایەن سێ گەنجەوە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە سنووری قەزای بەعاج سێ پۆلیس بە دار و شەق لە گەنجێکی کوردی ئێزدی دەدەن. پەرلەمانتارێکی نوێنەری سنوورەکە دەڵێت، لەسەر هێڵە و وەزیری ناوخۆی عێراقی لە رووداوەکە ئاگادار کردووەتەوە.
 
بەگوێرەی دیمەنێک کە بۆ رووداو نێردراوە، لە ناحیەی گرعزێری سنووری قەزای بەعاج سێ پۆلیس بە دار و شەق لە گەنجێکی کوردی ئێزدی دەدەن. ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ـی تەممووزی 2023، مەحما خەلیل، یەکێک لە نوێنەرانی شنگال لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رووداوەکە روویداوە و بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر هێڵێن؛ دڵنیا نین رووداوەکە ئەمڕۆ بووە یان نا؛ بەڵام دڵنیاین لە گرعوزێر روویداوە".
 
پەرلەمانتارەکەی عێراق گوتی، ئەو دیمەنەی بڵاوکراوەتەوە، ناردوویەتی بۆ وەزیری ناوخۆی عێراق و ئەویش بەڵێنی داوە لەماوەی دوو رۆژدا لێکۆڵینەوەی ورد لەوبارەیەوە بکات.
 
بەگوێرەی بەداوداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، رووداوەکە کاژێر 08:30ی بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 05-07-2023، بووە. سەعدون سلێمان ئیسماعیل، شاهێدحاڵی رووداوەکەیە و ڤیدیۆکەی بۆ رووداو ناردووە، دەڵێت، گەنجێکی کوردی ئێزدی کە لە نۆرەدا بووە لە فەرمانگەی باری شارستانیی گرعزێر، کەمێک لە نۆرە لایداوە؛ بۆیە سێ پۆلیس رووبەڕووی بوونەتەوە.
 
وەک لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، سەرەتا دوو پۆلیس بە دار رووبەڕووی گەنجەکە دەبنەوە، لە سەر و پشتی دەدەن و ئازاری دەدەن؛ دواتر پۆلیسێکی دیکەش دەچێت و بە هەر سێکیانەوە لێی دەدەن.
 
ئەو شاهێدحاڵە گوتی، تاوانی ئەو گەنجە تەنیا ئەوە بووە کە لە نۆرە لایداوە، لەکاتێکدایە خەڵکێکی زۆر بۆ راییکردنی مامەڵەکانیان روویان لەو فەرمانگەیە کردبوو. گوتیشی، پۆلیسەکان عەرەبن و زۆرجار سووکایەتی بە خەڵکی سنوورەکە دەکەن.
 
دوای ئەوەی زۆر بە تووندی لە گەنجەکە دەدەن، بەشێک لەو هاونیشتمانییانەی لە شوێنی رووداوەکەن، هاوار دەکەن و رووبەڕووی پۆلیس دەبنەوە؛ بۆیە پۆلیس لە ئەشکەنجەدانی گەنجەکە دەوەستن و دەچنە ژوورەوە.
 
گرعزێر لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە قەزای بەعاجە لە پارێزگای نەینەوا. لەبارەی رووداوەکە؛ عەمید زێدان لویان، بەڕێوەبەری پۆلیسی بەعاج بە رووداوی راگەیاند، ئاگاداری وردەکاریی رووداوەکە نین، بەڵام بەدڵنیایییەوە لێکۆڵینەوەی لێ دەکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.