کوردستان
چەند پێشمەرگەیەک لە سەنگەرێکی پێشمەرگەدا. وێنەکە تەنیا بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە و ئەرشیڤە
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیەکی پێشمەرگە لە سنووری خوورماتوو دەڵێت، جووڵەیەکی هاوبەشی دژە تیرۆری عێراق، هاوپەیمانان و هەرێمی کوردستان لە سنوورەکەیان هەیە. هاوکات هەندێک هێزی عێراقی بەهۆی موحەڕەمەوە خراونەتە ئامادەباشییەوە. بە گوتەی ئەو فەرماندەیە، ئەو دۆخە "پەیوەندیی بە ناوچە دابڕاوەکانەوە نییە."
شەوی رابردوو هەواڵێک بڵاوکرایەوە گوایە هێزە عێراقییەکان لە ناوچە دابڕاوەکان، بەتایبەت لە سنووری ئیدارەی گەرمیان و قەزای خوورماتوو، بەرامبەر هێزەکانی پێشمەرگە جووڵەیان پێکراوە و پێشمەرگەش خراوەتە ئامادەباشییەوە.
ئەمڕۆ شەممە، فەرماندەی یەکێک لە لیواکانی هێزەکانی پێشمەرگە کە لەنێوان کفری و خوورماتوو جێگیرن، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە سنووری کوڵەجۆ، زینانە، کفری و خوورماتوو هیچ جووڵەیەکی نائاسایی هێزە عێراقییەکان نییە.
بە گوتەی ئەو فەرماندەیە، "دۆخەکە تەواو ئاساییە، بەڵام سێ رۆژە هێزە عێراقییەکان لە سنووری خوورماتوو کەوتوونەتە ئامادەباشییەوە، بەهۆی 10ی موحەڕەمەوە کە ئەمڕۆیە، ئەوەش هیچ پەیوەندی بە ناوچە دابڕاوەکان و پێشمەرگەوە نییە."
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە کە ئێستا لە ئەرکدایە لە سنووری نێوان کفری و خوورماتوو، باسی لە جووڵەیەکی دیکەی هێزەکانی عێراق کرد و گوتی، "چوار رۆژە هێزێکی دژە تیرۆری عێراق بە هاوئاهەنگیی هاوپەیمانان و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان لە سنووری پەلکانە ئۆپەراسیۆنێکی گەڕان و پشکنینی هاوبەشیان هەیە، ئەمڕۆش جووڵەیان هەبوو، ئەوەش پەیوەندیی بە ناوچە دابڕاوەکانەوە نییە."
ئەو فەرماندەیە گوتی، "هیچ هێزێکی پێشمەرگە نەخراوەتە ئامادەباشییەوە، ئەوەشی روودەدات زیاتر پەیوەندیی بە موحەڕەمەوە هەیە."
لیوا سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق شەوی هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هیچ جموجووڵێکی تاکلایەنە و نائاسایی لە کفری، کەرکووک و هیچکام لە ناوچەکانی سەر بە ئیدارەی هاوبەشی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان نەبووە."
سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق گوتی، "دۆخەکە زۆر ئاساییە، جموجووڵە سنووردارەکانیش پەیوەندییان بە هیچ دۆخێکی دیاریکراوەوە نەبووە و بە هاوئاهەنگی بوون؛ سوپا و حەشدی شەعبی و پێشمەرگەش لە شوێنی ئاسایی خۆیاندا جێگیرن."
هاوکات شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بۆ پاراستنی ئەو ناوچانە بەردەوامن کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی هاوبەشدان، هاوئاهەنگیی هاوبەشیش هەیە بۆ جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی داهاتوو.
هەر لە بارەی دەنگۆکانەوە، هێزەکانی یەکەی 70ـی پێشمەرگە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "هەواڵە ناڕاستەکان رەت دەکەینەوە و بە هەموو لایەکی رادەگەیەنین، هیچ جۆرە جووڵەیەکی سەربازی لای ئێمەوە رووی نەداوە".
یەکەی 70ـی پێشمەرگە دەڵێت: "لەگەڵ سەرکردایەتی هاوبەشی هێزە چەکدارەکانی عێراق هاوئاهەنگی تەواومان هەیە و لەم رۆژانەی دواییدا هەمیشە لە پەیوەندیدا بووین و کاری هاوبەشمان کردووە بۆ پوچەڵکردنەوەی هەموو مەترسی و جموجۆڵەکانی تیرۆریستان لەو ناوچانەدا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ