رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری کوردانی ئێزدی رایدەگەیێنێت، زیاتر لە 2200 رزگاربووی ئێزدی مووچەیان بۆ بڕدراوەتەوە و 89 پرۆژەش لە شنگال جێبەجێ دەکرێن.
خەلەف شنگالی، راوێژکاری محەممەد شیاع سوودانی بۆ کاروباری کوردانی ئێزدی، ئەمڕۆ سێشەممە 5ی ئابی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "2428 کچ و ژنی کوردی ئێزدیی رزگاربووی دەستی داعش، یاسای رزگاربووان دەیانگرێتەوە، کە 809 کەسیان لە هەرێمی کوردستان و 1619 کەسی دیکەیان لە دەرەوەی وڵاتن."
بە گوتەی شنگالی، لەو ژمارەیە تاوەکو ئێستا مووچەی مانگانە بۆ 2216 رزگاربوو بڕدراوەتەوە.
راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بە چارەسەرکردنی یەکێک لە کێشە گەورەکانی شنگال کرد، کە پرسی خاوەندارێتیی زەوییە و گوتی، "بڕیارە 14 هەزار تاپۆ لە 11 کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی کوردانی ئێزدی دەربچێت، لە چەند رۆژی داهاتوودا 2000 تاپۆ دەردەچێت، کە 224یان بۆ ژنانی رزگاربووە."
سەبارەت بە پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە، خەلەف شنگالی گوتی، 89 پڕۆژە بڕیاریان لێدراوە، دەست بە جێبەجێکردنی 23 پڕۆژە کراوە. ئەوەشی خستەڕوو، "بڕیارە نەخۆشخانەیەکی 100 قەرەوێڵەیی لە سەنتەری قەزای شنگال و نەخۆشخانەیەکی دیکەی 50 قەرەوێڵەیی لە ناحیەی سنوونێ دروست بکرێن."
راوێژکارەکەی سوودانی بۆ کاروباری کوردانی ئێزدی ئاماژەی بە چەند پرۆژەیەکی دیکە کرد و گوتی، "بڕیاری دامەزراندنی زانکۆی شنگال دەرچووە. پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی (شنگال - بەعاج - رەبیعە) بە گوژمەی زیاتر لە یەک تریلیۆن دینار جێبەجێ دەکرێت، لەگەڵ پڕۆژەی ئاودێریی جەزیرە کە هەزاران جووتیار سوودی لێوەردەگرن و هەلی کاریش دەڕەخسێنێت."
هەروەها راوێژکاری سوودانی گوتیشی، بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی نیشتەجێبوون، بەمنزیکانە حکومەت لە قەزای شنگال پرۆژەی دروستکردنی کۆمەڵگەی نوێی نیشتەجێبوون دەستپێدەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ