رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە سێوازی باکووری کوردستان، پاسێک وەرگەڕا و بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستدا و 18ی دیکەش بریندار بوون.
رووداوەکە کاژێر 04:55ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لە شارۆچکەی سوشەهیری سەر بە پارێزگاکە روویدا؛ پاسێک کە کۆمەڵێک کرێکاری هەڵگرتبوو، دوای ئەوەی شۆفێرەکەی کۆنترۆڵی لەدەستدا، وەرگەڕا و کەوتە نێو کەندێکەوە.
تیمەکانی بەرگریی شارستانی، تەندروستی و پۆلیس گەیشتنە شوێنی رووداوەکە. بەگوێرەی زانیاریی تیمەکان، سێ سەرنشین دەستبەجێ گیانیان لەدەستدا.
هەر بەگوێرەی تیمەکان، 18 سەرنشینی دیکەش بریندار بوون کە برینی چواریان سەخت بوون، دواتریش رەوانەی نەخۆشخانە کران.
پۆلیس رێکاری ئەمنیی لە شوێنەکە گرتەبەر و لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکە دەستپێکرد.
بەگوێرەی داتای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی تورکیا، لە چوار مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا، 199 هەزار و 905 رووداوی هاتووچۆ لە تورکیا و باکووری کوردستان روویانداوە، 684 کەس گیانیان لەدەستداوە و 111 هەزار و 928ی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ