رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان دادەمەزرێن. بەرپرسێکی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، تەنیا دەرچووانی ناوچە کێشەلەسەرەکان دەگرێتەوە، نەک هەرێمی کوردستان.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کورستان رایگەیاند، "فۆڕمی دامەزراندنی وەزارەتی تەندروستیی عێراقی فیدراڵ بۆ دامەزراندنی دەرچووانی کۆلێژی پزیشکی گشتی، کۆلێژی پەرستاری و پەیمانگە پەرستارییەکانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان (2023-2024) بڵاودەکەینەوە، کە دانیشتووی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن."
د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "عێراق هەر بودجەیەک بۆ دامەزراندن تەرخان دەکات، پەیوەندیی بە هەرێمی کوردستانەوە نییە."
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەش کرد، "بڕیارەکە ئەو دەرچووانە دەگرێتەوە کە خەڵکی ناوچەکانی مادەی 140ن و لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان خوێندنیان تەواو کردووە."
هەر ئەمڕۆ شێرزاد سەعید، بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی ناوچە دابڕاوەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "ساڵانە زیاتر لە 500 دەرچووی ناوچە دابڕاوەکان لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێن."
شێرزا سەعید گوتیشی، "ساڵی رابردوو نزیکەی 800 دەرچووی ئەو ناوچانە کە لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و عێراق خودێندوویانە وەرگیران، زۆربەشیان دەرچووی کۆلێژە پزیشکییەکانن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ