رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لقی سلێمانیی یەکێتیی جووتیاران هۆشداری دەدات لە زیادبوونی کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و رایدەگەیێنێت، ئێستا 50%ی گوندەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی بە تەنکەر ئاویان بۆ دابین دەکرێت و بەهۆی کەمبوونەوەی ئاویشەوە، کۆچکردن لە گوندەکانەوە بۆ شارەکان دەستیپێکردووە.
ئەمڕۆ سێشەممە تەها حاجی رەحیم، سەرۆکی لقی سلێمانیی یەکێتیی جووتیارانی کوردستان، لەکاتی بەشداریکردنی لە پۆدکاستی "بە کاتی سلێمانی،" کە ئاسۆ سەراوی پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، کاریگەرییەکانی وشکەساڵی لە زیادبووندایە و مەترسیی کۆچی جووتیاران لە گوندەکانەوە بۆ شارەکان زۆر زیادیکردووە.
سەرۆکی لقی سلێمانیی یەکێتیی جووتیارانی کوردستان گوتیشی، "خەڵک ناچارە گوندەکانیان و کشتوکاڵەکەیان جێبهێڵن، چونکە ناتوانن بۆ ماوەی دوو مانگی دیکە بەردەوام بن لەسەر کڕینی ئاو بە تەنکەر، بۆیە کۆچکردن بۆ شارەکان دەستیپێکردووە."
تەها حاجی رەحیم ئاماژەی بەوەش کرد، زۆرینەی کانی و کارێزەکانی گوندەکان وشکیان کردووە و جووتیاران زیاتر پشتیان بە ئاوی بیرەکان بەستووە، کە دۆخی ئەوانیش "زۆر خراپە." بەگوێرەی قسەکانی ئەو، 80%ی بیرەکانیش یان وشکبوون یان ئاویان زۆر کەمیکردووە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی گوتی، "قووڵیی بیرەکان ساڵ بە ساڵ زیاد دەکات. بۆ نموونە، پێش 15 ساڵ لە سیتەک بیرێک بە 40 مەتر دەگەیشتە ئاو، کەچی ئێستا بە 300 مەتر دەگات، ئەمەش گۆڕانکارییەکی زۆر گەورەیە."
سەبارەت بە کاریگەریی سیستمە نوێیەکانی ئاودێری، تەها حاجی رەحیم پێیوایە بەکارهێنانی سیستمی دڵۆپاندن و بۆری، هەرچەندە بەرهەمی کشتوکاڵیی زیادکردووە، بەڵام زیانی بۆ ئاوی ژێرزەوی هەبووە. ئەو دەڵێت، "ئەم ساڵ سەرەڕای کەمبارانی، بەرهەمی جووتیاران باش بوو، چونکە رووبەرێکی زیاتری زەوی کرابووە کشتوکاڵ، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی زیاتری ئاو."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ