وەزارەتی ناوخۆ بۆ رووداو: نرخی پێناسە گومرگییەکان رێک دەخرێنەوە

05-08-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکاری یاساییی وەزارەتی ناوخۆ و سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری هەرێمی کوردستان بۆ پێناسەی گومرگی دەڵێت، عێراق بێ ئاگاداریی هەرێمی کوردستان نرخی زیاتر لە هەزار پێناسەی گومرگیی گۆڕیوە. باسی لەوەش کرد، "بەم نزیکانە لەگەڵ شاندی عێراق کۆ دەبینەوە و پێویستە بە هاوبەشی نرخی پێناسە گومرگییەکان رێک بخرێنەوە."
 
ڕۆژی سێشەممە، 05-08-2025، سامی جەلال بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوێنێ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری بە ئامادەبوونی ئێمە وەکو نوێنەری هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، بڕیاردرا دوو ئەندامی هەرێمی کوردستان بۆ لیژنەی عێراق کە تایبەتە بە پرسی پێناسەی گومرگی و دەروازە سنوورییەکان زیاد بکرێن و بەم نزیکانەش لەگەڵیان کۆدەبینەوە".
 
بە گوتەی سامی جەلال، 1ـی حوزیران بە بڕیاری ژمارە 270 گۆڕانکاری لە نرخی پێناسە گومرگییەکان کراوە. لیژنەی هاوبەشی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ماوەی 30 رۆژدا لەسەر نرخی پێناسە گومرگییەکان رێکدەکەون، دوای ئەو 30 رۆژە، دەبردرێتەوە ئەنجوومەنی ئابووری و لەوێ دەنگی لەسەر دەدرێت.
 
بڕیاری ژمارە 270ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تایبەتە بە یەکخستنی پێناسی گومرگی و دیاریکردنی بڕی نوێی گومرگ.
 
نزیکەی 13 هەزار پێناسی گومرگی لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەن. راوێژکاری یاسایی وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، "زیاتر لە هەزار پێناسی گومرگی بێ ئاگاداریی هەرێمی کوردستان لە دەروازەکاندا گۆڕدراون، ئەگەر ئەو بابەتە بە هاوبەشی لەنێوان هەردوو لا دا نەکرێت، زیان بە جووڵەی بازرگانیی عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەگەیێنێت."
 
هەرێمی کوردستان داوا دەکات بە هاوبەشی دووبارە پێداچوونەوە بە پێناسە گومرگییەکاندا بکرێت. سامی جەلال گوتی، "گۆڕانکاری لە نرخی پێناسە گومرگییەکان بابەتێکی تەکنیکییە و ئاساییە بگۆڕدرێت، بەڵام دەبێت بە هاوبەشی بێت."
 
بەگوێرەی نووسراوێک کە دەستەی گومرکی عێراق لە 1ـی حوزەیرانی 2025 بۆ نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی گومرکی عێراقی ناردووە، بڕی گومرگ لەسەر کاڵا و ئۆتۆمبێلی هاوردەکراو هەڵوەشێندراوەتەوە، کە پێشتر لە لیستی هاوبەشدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەبوو؛ لە نووسراوەکەدا هاتووە کە لە 1ـی ئەم مانگەوە کار بە لیستی نوێ دەکرێت.
 
زیادکردنی گومرگ بەگوێرەی جۆری کاڵاکان بەم شێوەیە:
 
گومرگی 10٪ بەگوێرەی کیلۆگرام/لیتر 
 
- بەروبوومە ئاژەڵییەکان
- سەوزە و میوە
- رۆن و چەوری ئاژەڵ و گیایی
- بەرهەمەکانی پیشەسازی خۆراکی، خواردنەوە کحولییەکان، سرکە و تووتن
- بەرهەمە کانزاییەکان
- بەرهەمەکانی پیشەسازی کیمیایی یان هەر بەرهەمێکی پەیوەندیدار بەو بوارە
- سابوون، مادەکانی شووشتن، هەموو جۆرەکانی مۆم، کەرەستەی پزیشکی ددان
- مادە پڕۆتینییەکان، بەرهەمە دەستکاریکراوەکانی نیشاستە، چەسپ و ئەنزیمەکان
- بارووت و یاری ئاگرین
- بەرهەمەکانی وێنەگرتن و سینەمایی
- مادە کیمیاییە هەمەجۆرەکان
- مادە پلاستیکی و نەرمەکان
 
گومرگی 15٪ بەگوێرەی کیلۆگرام/مەتر سێجا 
 
- هەموو جۆرەکانی پێستە بە سروشتی و دەستکردەوە
- دار و دروستکراوەکان لە دار، خەڵووزی دار، مادەی فلین و پەڕۆ
- کتێب و هەموو کەرەستەکانی پەڕاوگە
- خوری و هەموو دروستکراوەکانی
- پێڵاو، چاویلکە، کڵاو، چەتر، گۆچان
- دروستکراوەکانی بەرد و شووشە
 
گومرگی 0.5٪ بۆ هەر گرام یان کیلۆگرامێک 
 
- هەموو جۆرەکانی بەردی گرانبەها و مرواری
 
گومرگی 10٪ بۆ هەر کیلۆگرام/دانە/تۆن 
 
- مس، ئاسن و شیش
- هەموو جۆرەکانی کانزا
 
گومرگی 30٪ بۆ هەر دانەیەک
 
- هەموو جۆرەکانی ئامێرە کارەباییەکان
 
گومرگی 15٪ بۆ هەر دانەیەک 
 
- ئامێر و کەرەستەکانی گواستنەوە
- ئامێرەکانی کامێرا، کەرەستەی پزیشکی و نەشتەرگەری و ئامێرە میوزیکییەکان.
 
گومرگی 30٪ بۆ هەر دانەیەک
 
- چەک و تەقەمەنی
 
گومرگی 15٪ بۆ هەر دانەیەک
 
- مۆبیلیات و هەموو کەرەستەکانی نێوماڵ و نووسینگە، یاری منداڵان و وەرزش
- شاکارە هونەرییەکان و پارچە شوێنەوارییەکان

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.