شوێنی فڕێدانی زبڵی جوانڕۆ تەنیا 200 مەتر لە شارەکەوە دوورە

06-08-2025
سینا سۆما
شوێنی فڕێدانی زبڵی جوانڕۆ
شوێنی فڕێدانی زبڵی جوانڕۆ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

شوێنی فڕێدانی زبڵ و خاشاکی شاری جوانڕۆ لە پارێزگای کرماشان، تەنیا 200 مەتر لە شارەکەوە دوورە. رۆژانە نزیکەی 120 تۆن زبڵ لەو شوێنەی نزیک شار بەشێوەیەکی تەواو سەرەتایی فڕێدەدرێت.
 
یاسر نووری، ژینگەپارێز و دانیشتووی شاری جوانرۆ دەڵێت، "ئێرە زبڵدانی شاری جوانڕۆیە و یەکێک لە کێشە گەورەکانی ئەم شارەیە. هەروەکو دەبینین ئەم زبڵدانە لەنێو دارستانەکانە و بووەتە هۆی زیانگەیاندن بە ژینگە. هەر کاتێک ئاگر لە زبڵەکە بەردەدەن بۆ کەمکردنەوەی قەبارەی زبڵەکە، دووکەڵەکەی دێتە نێو شار و ژیانی هاووڵاتیان تێکدەدات."
 
نزیکەی 40 ساڵە، شاری جوانڕۆ کێشەی شوێنی فڕێدانی زبڵی هەیە. چەندین جار بەرپرسانی شارەکە بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکەیان داوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەڵێنەکان نەبراونەتە سەر و کێشەکە وەکو خۆی ماوەتەوە.
 
ئەو شوێنەی ئێستا زبڵی لێ فڕێدەدرێت، ناستانداردە و سەرچاوەکانی ئاو و خاکی ناوچەکەی پیس کردووە و ژیانی خەڵک و هەروەها ئاژەڵە کێوییەکانی خستووەتە مەترسییەوە.
 
شوێنی ئێستای فڕێدانی زبڵی شاری جوانڕۆ لەنێو دارستانە و چەندین جار بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی دەورووبەری. هەروەها شوێنەکە نزیکە لە شار و بۆنی پیسی زبڵەکە بە تایبەت لە وەرزی گەرمادا دانیشتووانی شارەکە هەراسان دەکات
 
یاسر نووری باسی لەوە کرد، "كێشەیەکی دیکەی ئەم زبڵدانە ئەوەیە کە نزیکە لە شاری جوانڕۆ و تەنیا 200 بۆ 300 مەتر لە مەسکەن مێهری هەلانی و گەڕەکی سەلیمزادە دوورە، کە نزیکەی سێ بۆ چوار هەزار کەس لێی دەژین، لە ساڵێکدا نزیکەی شەش مانگ بەهۆی بۆگەنی ئەو زبڵ و پاشماوەیە ژیانیان بە تەواوی تێکچووە. ئەمە دەکرێت هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی بێت بۆ بەساڵاچووان، منداڵان و سەرجەم هاووڵاتیان."
 
ژینگەپارێزان و خەڵکی ناوچەکە رەخنە لەوە دەگرن، تەنانەت پەرژینێک بە دەوری ئەو شوێنەدا نەکێشراوە کە زبڵەکەی تێدا فڕێ دەدرێت، بۆ ئەوەی ئاژەڵە کێوییەکان و سەگی بێ لانە نەتوانن بچنە نێو زبڵدانەکە و نەبنە هۆی گواستنەوەی نەخۆشی بۆ خەڵک. داوا لە بەرپرسانیش دەکەن، چارەسەرێک بۆ کێشەکە بدۆزنەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی لە پیرمام

ئەنجامی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی؛ "پرسەکان دەبرێنەوە مەکتەبی سیاسی و تاوتوێ دەکرێن"

شاندی دانوستاندنکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تیمی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە و بەستەڵەکی نێوانیان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی عێراقەوە تاوەکو ئێستا تواندەوە.