رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ رایگەیاند، زیاتر لە 81 هەزار هاوبەشی کارەبا لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ هەن. باسی لەوەش کرد: "تاوەکو کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم، بەشێکی ئیدارەکە دەبێتە خاوەنی کارەبای 24 کاژێری."
رۆژی سێشەممە، 5ـی ئابی 2025، موشیر بەشیر، قایمقامی زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئامادەکارییەکانی پڕۆژەی کارەبای 24 کاژێری لە ئیدارەکە دەستیان پێکردووە، ئێستا خەریکی رێکخستنی هێڵەکان و دانانی بگۆڕەکانی کارەباین، دوای تەواوبوونی ئەوانە، دەست بە دانانی پێوەری کارەبا دەکرێت."
لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، 81 هەزار هاوبەشی کارەبا هەن. موشیر بەشیر دەڵێت، "بەشێکیان پێوەریان هەیە و تاوەکو مانگی تشرینی یەکەم، هەموو هاوبەشان پێوەریان بۆ دادەنرێت."
بە گوتەی قایمقامی زاخۆ، لە مانگی تشرینی یەکەمدا سێ ناوچە لە ئیدارەکە کارەبای 24 کاژێرییان دەبێت، کە سەرەتا لە گەڕەکە هەژارنشینەکانەوە دەستپێدەکەن و تاوەکو کۆتایی ساڵیش، هەموو ئیدارەکە لە پڕۆژەکە سوودمەند دەبن.
لەبارەی زێدەڕۆیی کارەباوە، موشیر بەشیر گوتی: "بەپێی بەدواداچوونەکانمان، ئیدارەکە کەمترین زێدەڕۆیی تێدایە و لە ماوەی چوار ساڵی رابردووشدا زیاتر لە سێ هەزار کەس بەهۆی زێدەڕۆیی لە بەکارهێنانی کارەباوە، هێڵەکانیان بڕاوە و سزادراون."
بەگوێرەی نوێترین ئاماری وەزارەتی کارەبا، تاوەکو ئێستا دوو ملیۆن و 700 هەزار هاونیشتمانی کە دەکاتە 716 هەزار هاوبەش، لە پڕۆژەی رووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری سوودمەند بوون، کە دەکاتە نزیکەی 40%ـی کۆی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی کارەبا، سوودمەندانی پڕۆژەی رووناکی بەپێی پارێزگاکان بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
هەولێر: 380 هەزار هاوبەش، کە دەکاتە نزیکەی یەک ملیۆن و 458 هەزار کەس.
سلێمانی: 257 هەزار هاوبەش، کە دەکاتە نزیکەی 976 هەزار و 500 کەس.
دهۆک: 79 هەزار هاوبەش، کە دەکاتە نزیکەی 288 هەزار کەس.
پڕۆژەی رووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری، رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2024 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە راگەیێندرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ