کاردانەوەی هێرشکردنە سەر میر حازم تەحسین بەگ

06-08-2025
سیروان عەباس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی کەسێکی ئێزدی لە ئەڵمانیا هێرشیکردە سەر میر حازم تەحسین بەگ، میری ئێزدییان لە جیهان و سەرۆکی جڤاتی رووحانی ئێزدییەکان، کاردانەوەی جیای لێکەوتەوە. بارەگای بارزانی رایگەیاند، "زۆر بە تووندی ئیدانەی ئەو بێڕێزییە دەکەین." ئەنجوومەنی ئێزدییەکانی سووریاش دەڵێت: "ئەمە پێشینەیەکی مەترسیدارە."
 
رۆژی دووشەممە، 4ـی ئابی 2025، کەسێکی ئێزدیی خەڵکی ئەرمینیا، لە ئەڵمانیا هێرشیکردە سەر میر حازم تەحسین بەگ و سووکایەتیی پێکرد. 
 
بارەگای بارزانی: ئەو جۆرە رەفتارانە مەبەستی "خراپەکاری"ـی لەدواوەیە
 
رۆژی سێشەممە، 5ـی ئابی 2025، بارەگای بارزانی لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، "زۆر بە تووندی ئیدانەی ئەو بێڕێزییە دەکەین کە لەلایەن کەسێکی نەزانی ئێزدی لە شاری بەرلین کراوەتە سەر بەڕێز میر حازم تەحسین بەگ، میری ئێزدیان لە کوردستان و جیهان و سەرۆکی جڤاتا رۆحانی ئێزیدیان."
 
بارەگای بارزانی دەڵێت، ئەو جۆرە رەفتارانە مەبەستی "خراپەکاری"ـی لەدواوەیە و "قبووڵکراو نیە." 
 
لە راگەیەندراوەکەدا بارەگای بارزانی پشتیوانی خۆی بۆ میر حازم تەحسین بەگ دووپاتدەکاتەوە و "هەموو هەوڵێکیش بۆ دروستکردنی دووبەرەکی لەناو ئێزدیان و سوکایەتیکردن بە پیرۆزییەکانیان رەتدەکەینەوە."
 
ئەنجوومەنی ئێزدییەکانی سووریا: هەوڵێکی بەدکارانەیە بۆ دووبەرەکی
 
ئەنجوومەنی ئێزدییەکانی سووریاش، راگەیێندراوێکی لەوبارەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بە نیگەرانی و ناڕەزایەتییەکی قووڵەوە، ئێمە وەک ئەنجوومەنی ئێزدییەکانی سووریا، چاودێریی ئەو رووداوەمان کرد کە دوێنێ لە شاری بەرلینی ئەڵمانیا رووبەڕووی بەرێز میر حازم، میری ئێزدییان لە عێراق و جیهان، بووەوە.
 
ئەنجوومەنەکە دەڵێت، "میر حازم، لەلایەن گەنجێکی ئێزدیی ئەرمینیاوە رووبەڕووی دەستدرێژییەکی زارەکیی تووند و سووکایەتیپێکردن بووەوە. ئەمە پێشینەیەکی مەترسیدار و نیگەرانکەرە کە سیمبوولە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانی ئێزدی دەکاتە ئامانج و تانە لە ناسنامەی نەتەوەیی ئێزدییەکان وەک کورد دەدات، لە هەوڵێکی بەدکارانەدا بۆ دروستکردنی دووبەرەکی و شێواندنی راستییە مێژووییەکان."
 
لە راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی ئێزدییەکانی سووریادا هاتووە، ئەوەی روویدا ناتوانرێت لەو ململانێ ئایدیۆلۆژییانە جیابکرێتەوە کە کۆمەڵگەی ئێزدی پەرت دەکەن و لەلایەن لایەنی گوماناوییەوە سەرپەرشتی دەکرێن، کە هەوڵی پەرشوبڵاوکردنی ئەم پێکهاتە رەسەنە و تەنانەت هەڵکێشانی لە رەگە نەتەوەییەکانی دەدەن.
 
"لە نێوان ئەوانەی بانگەشە بۆ سەر بە زەردەشتی بوونی ئێزدییەکان دەکەن و ئەوانەی نەتەوەی نوێ دادەهێنن بۆ دابڕینیان لە بنەچە کوردییەکەیان و ئەوانەشی کە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە 'ئێزدیاتی' لە یەک کاتدا هەم نەتەوە و هەم ئایینە، ناسنامەی ئێزدی لەبەردەم هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی ناوخۆیی و لەناوچووندایە، لەنێو نەبوونی دیاری مەرجەعیەتێکدا کە دەبوو ئەم پێکهاتەیە لە پەرتەوازەبوون بپارێزێت."
 
ئەنجوومەنەکە دەڵێت: لێرەدا جەخت دەکەینەوە کە ئێزدییەکان لە رووی نەتەوەییەوە کوردن و لە رووی ئایینییەوە ئێزدین، ئەم راستییە ناکرێت دەستکاری بکرێت یان بازرگانیی پێوە بکرێت لەنێو ململانێی تاکەکەسی، حیزبی یان ئایدیۆلۆژیدا."
 
"ئەم رەفتارە سووکە بەرامبەر میر حازم، لە ئامادەبوونی هاوژینەکەیدا، تەنیا هەوڵێکی بەمەبەستە بۆ هەڵگیرساندنی ئاژاوە و، شایستەی هیچ مرۆڤێک نییە کە سەر بە ئایینی ئێزدی بێت کە لەسەر بنەمای رێز، لێبووردەیی و ئاشتی دامەزراوە. بەڵکو ئەوەی روویدا سووکایەتییە بە هەموو ئێزدییەکان و دەستدرێژییە بۆ سەر سیمبولێک کە نوێنەرایەتیی رۆڵەکانی ئەم پێکهاتەیە دەکات."
 
ئەنجوومەنەکە ئاشکرای دەکات کە رووداوی هاوشێوە لە سووریاش دووبارە دەبنەوە. "ئەم دیمەنە تراژیدیانە لە سووریاش دووبارە دەبنەوە، کە تێیدا ئێزدییەکان رووبەڕووی کۆچپێکردنی زۆرەملێ و پێشێلکاریی بەردەوام بوونەتەوە، لە چوارچێوەی نەخشەیەکدا کە ئامانجی بەتاڵکردنی وڵاتە لەم پێکهاتەیەی کە بوونی کراوەتە ئامانج."
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا، ئەنجومەنی ئێزدییەکانی سووریا دەڵێت: "ئێمە وەک ئێزدییەکانی سووریا، سەرەڕای نائومێدیی گەورەمان لە نەبوونی رۆڵی ئەنجوومەنی رۆحانی و کەمتەرخەمیی میر حازم لە هەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتییە مێژووییەکانی لە ساتە چارەنووسسازەکاندا، بەڵام جەخت دەکەینەوە کە ئەمە بە هیچ شێوەیەک پاساو نییە بۆ دەستبردن بۆ شکۆ و پێگەی یان سووکایەتیکردن پێی."
 
"ئەم هێرشە دووربوو لە هەموو پێوەرێکی ئەخلاقی"
 
کۆمەڵەی کانی سپی کولتووری و کۆمەڵایەتی لە ئەڵمانیاش، لەوبارەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، "دوێنێ بیستمان کە بەرێز میر حازم تەحسین بەگ، لە وڵاتی ئەڵمانیای فیدڕاڵ و لە شاری بەرلین، رووبەڕووی هێرشێک بووەتەوە لەلایەن کەسێکەوە کە پێمان وایە خەڵکی ناوچەکانی ئەرمینیایە. ئەم هێرشە دوور بوو لە هەموو پێوەرێکی ئەخلاقی و ئەو قسە و دەستەواژانەی بیستمان، بەگشتی دوور بوون لە ئەخلاق و بەتایبەتیش لە ئەخلاقی ئێزدیاتی، کە رێز لە هەموو کەسێک و هەر قەوارەیەک دەگرێت، هەرچۆنێک بێت."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، کەسایەتیی میر حازم نوێنەرایەتیی ئێزدییەکانی هەموو جیهان دەکات و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای رۆحانیی ئێزدییە لە جیهاندا، لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بەم شێوەیە دانی پێدانراوە. 
 
"سووکایەتیکردن پێی بە واتای سووکایەتیکردنە بە ئایین و کۆمەڵگەی ئێزدی، نابێت ناچار بکرێت هیچ شتێک بڵێت. چونکە ئایینی ئێمەی ئێزدی بە ناوی "ئایینی ئێزدی" ناسراوە، نەتەوەکەشمان لەلایەن مێژوو و مێژوونووسانەوە ناسراوە؛ خودا ئێمەی بەم شێوەیە وەک کورد دروست کردووە و هیچ تاوانێکمان نییە."
 
کۆمەڵەکە دەڵێت: هێرشکردنە سەر سیمبوولێکی ئێزدیاتی و سووکایەتیکردن پێی و ناچارکردنی بە گوتنی ئەوەی کەسێک دەیەوێت، لەلایەن کەسێکەوە کە لە وڵاتێکی دیموکراتخواز وەک ئەڵمانیا نیشتەجێیە و داوای پەنابەریشی رەتکراوەتەوە، تەنانەت شایستەی مانەوەش نییە لەم وڵاتەدا کە یاساکانی سووکایەتی و ناوزڕاندن رەتدەکاتەوە و سزای لەسەر دادەنێت. پێویستە دەستبەجێ لەم وڵاتە دەربکرێت، دوای ئەوەی سزای رەفتارەکەی وەردەگرێت.
 
سەرۆکی قەواڵ: سوپاسی دانبەخۆداگرتنی میر تەحسین دەکەین
 
قەواڵ بەهزاد قەواڵ سلێمان، سەرۆکی قەواڵ و ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای رۆحانیی ئێزدی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، " بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو کردەوە قێزەونە دەکەین کە یەکێک لە ئێزدییەکانی رووسیا بەرامبەر بەڕێز میر حازم تەحسین بەگ لە ئەڵمانیا کردی."
 
لە راگەیێندراوەکەیدا هاتووە، "ئێزدییەکانی رووسیا و وڵاتانی قەفقاس پارێزگارییان لە ئایین و دابونەریت و هەڵوێستە شەرەفمەندانەکانیان و جێگیربوونیان لەسەر ئایینەکەیان کردووە، سەرەڕای دابڕانیان بۆ دەیان ساڵ لە هەموو ئێزدییەکانی دیکە، ئەوان نموونەی رەوشتی بەرزن. بەداخەوەین کە یەکێکیان بەم شێوەیە رەفتار دەکات."
 
"ئەم ڕەفتارە ناشایستەیە پێشینەیەکی مەترسیدار لە کۆمەڵگەکەماندا نیشان دەدات، چونکە پیاوانی ئایینی و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان، و بەتایبەتیش کەسایەتیی میر، جێگەی رێز و پێزانینێکی زۆرن لای ئێزدی و نا ئێزدییەکانیش."
 
قەواڵ بەهزاد قەواڵ سلێمان دەڵێت: "جەخت لەوە دەکەینەوە کە کێشەکان بەم شێوازە و بەم رێگە بریندارکەرە چارەسەر ناکرێن و، دەڵێین کە دەرگاکانی میر و ئەنجوومەنی رۆحانی کراوەن بۆ هەر رەخنەیەکی بنیاتنەر و رایەک، بەمەرجێک لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی باڵای ئێزدیاتیدا بێت. دیوان و سنگی میر کراوەیە بۆ وەرگرتنی هەموو را و پێشنیازەکان."
 
قەواڵ بەهزاد جەخت لەوە دەکاتەوە کە رێگەی چارەسەرکردنی کێشەکان گفتوگۆیە، کە لەسەر بنەمای رێز و قبووڵکردنی یەکدی بنیات نرابێت، نەک بە بەکارهێنانی وشەی ناشایستە لە رووی ئەخلاقی و ئایینییەوە. "لەسەر ئەم بنەمایە، ستایشی هەڵوێستی بەڕێز میر دەکەین بۆ دانبەخۆداگرتنی و شوێن نەکەوتنی ئەم جۆرە رەفتارانە. دانبەخۆداگرتن باشترین چارەسەرە بۆ ئەوەی بازنەی درزی کۆمەڵایەتی فراوانتر نەبێت، کە ئێمە هیچ پێویستییەکمان پێی نییە".
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە بەرنامەی ئەمشەوی لەگەڵ رەنج لە 30 خولەک 800 ملیۆن دینار کۆکرایەوە.

خێرخوازان لەڕێی رووداوەوە 6,687,870,000 دیناریان بەخشییە زیانبەرکەوتووانی لافاو

بۆ دووەم شەو لەسەر یەک رەنج سەنگاوی، پێشکەشکاری رووداو بەردەوام بوو لە کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاو لە باشووری کوردستان، ئەمشەویش چوار سەرمایەدار کۆی گشتی 800 ملیۆن دیناریان بەخشی.