رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری ورمێ رایگەیاند، هیوادارن ئەربەعین (چلە)ی ئەم ساڵ ببێتە خاڵێکی وەرچەرخان لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان. جەختی لەوە کردەوە، ویستی سەرکردەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان برەودانە بە پەیوەندییەکان و ئەوانیش وەکو پارێزگای ورمێ پێشوازی لەو هەوڵانە دەکەن.
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 27ی تەمموزی 2025، رەزا رەحمانی، پارێزگاری ورمێ کە بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنی هاتووچۆی زیارەتکارانی رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن سەردانی هەولێری کردووە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، پەیوندییەکی بەهێز لە نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی ورمێ و هەولێر هەیە، بەڵام ئەوان خوازیاری ئەوەن پەیوەندییەکان فراوانتر بکرێن.
بە گوتەی رەزا رەحمانی، لە ئاستی سەرکردەکاندا پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان باشە و گوتی: "بێگومان پەیوەندییەکانمان هەمیشە لە ئاستی سەرکردەکاندا باش بووە. لەوانەیە لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە میدیادا هەندێک کێشە دەربکەوێت، بەڵام زۆربەی ئەوانە دوورن لە راستییەوە. لە ئاستی هەرە باڵادا، ویستی سەرکردەکانی هەردوو لایەن برەودانە بە پەیوەندییەکان."
پارێزگاری ورمێ جەختی لەوە کردەوە، پێشوازی لە فراوانترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەن. رەزا رەحمانی رایگەیاند، ئێمە وەکو پارێزگایەکی گرنگ کە سنووری هاوبەشمان هەیە و سنووری فەرمیمان هەیە لەگەڵ ئێوە [هەرێمی کوردستان]، بێگومان پێشوازی لەمە دەکەین و خۆشم بەدواداچوون دەکەم بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانمان لەوەی ئێستا هەیە، فراوانتر، گەشەسەندووتر و رێکخراوتر بێت و ئاسانکاریی زیاتر بکرێت."
سەبارەت بە ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی هاتووچۆی زیارەتکارانی رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان، پارێزگاری ورمێ رایگەیاند: "بێگومان ئەربەعین و ئەم کارە گەورە ئایینی و کولتوورییە، نیشانەی یەکگرتوویی نێوان موسڵمانان و دراوسێکانە. گوزارشتی خۆم بۆ ئەربەعین ئەوەیە کە فاکتەرێکە بۆ کاروباری دیکەشمان و پەرە بە پەیوەندییە کولتوورییەکان، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و پەیوەندییە ئابوورییەکانی هەردوولا دەدات و دەبێتە هۆی گەشەی بازرگانی لە نێوان ئەم دوو وڵات و گەلە."
رەحمان رەزایی هیوای خواست، چلەی ئەم ساڵ ببێتە خاڵێکی وەرچەرخان لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان و گوتی: "هیوادارین ئەربەعینی ئەم ساڵ ببێتە خاڵێکی وەرچەرخان، کە بە پێکهێنانی لیژنەی باڵا و ئەو هەوڵانەی دۆستانمان لە هەرێم ئەنجامیانداوە، خۆم دڵنیام لەوە و بەداوی ئەوەداین ئەم پەیوەندییانە سنووردار نەکەین بە رۆژەکانی ئەربەعین و پەرەیان پێبدەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ