رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، ئەم ساڵ لە زیاتر لە 600 گوندی پارێزگاکە کێشەی کەمئاوی هەیە، بۆ چارەسەرکردنیشی یەک تریلیۆن و 500 ملیار تمەن (زیاتر لە 16 ملیۆن دۆلار) تەرخان کراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 5ی ئابی 2025 لەتیف خۆش سیرەت، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، لە کۆی دوو هەزار و 830 گوندی پارێزگاکە، زیاتر لە 600 گوند رووبەڕووی کێشەی کەمئاوی بوونەتەوە.
لەتیف خۆش سیرەت گوتی، ئەم ساڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی لە پارێزگاکە و دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی پاک بۆ ئەو گوندانەی رووبەڕووی کێشەی کەمئاوی بوونەتەوە، بڕی یەک تریلیۆن و 500 ملیار تمەن بودجە تەرخان کراوە.
بە گوتەی خۆش سیرەت، یەک تریلیۆن و 100 ملیار تمەن (زیاتر لە 16 ملیۆن دۆلار) لە بودجەکە بۆ دابینکردنی ئاوی گوندەکانە و لە جێبەجێکردنی پرۆژەکانی ئاو و گواستنەوەی ئاو بە تانکەر بۆ ئەو گوندانەی لە دۆخێکی خراپدان، خەرج دەکرێت.
خۆش سیرەت گوتیشی، ئێستا دانیشتووانی 125 گوندی پارێزگاکە، بە تانکەر ئاویان بۆ دابین دەکرێت. هەروەها لە ژمارەیەک گوندی دیکەش بیری ئاو لێدراوە.
ئەم ساڵ ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان رووبەڕووی کێشەیەکی گەورەی کەمئاوی بوونەتەوە. بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی ئێران رایگەیاندووە، لە 25 پارێزگا و 53 شاری ئەو وڵاتە کێشەی کەمئاوی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ