زانکۆی سەلاحەدین: لەمەودوا دەرچووانی کۆلێژەکانی زانست، زمان و ئاداب وەک وانەبێژ دادەمەزرێن

05-09-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

زانکۆی سەلاحەدین دەڵێت، رەزامەندیی وەزیری پەروەردەیان وەرگرتووە لەمەودوا دەرچووانی کۆلێژەکانی زانست، زمان و ئاداب وەکو وانەبێژ دابمەزرێن. راگری کۆلێژی زمان دەڵێت، بەهۆی دانەمەزراندنی دەرچووانیانەوە خواست لەسەر کۆلێژەکان کەمبووەتەوە.

رۆژی سێشەممە، 5ـی ئەیلوولی 2023، زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان و د. کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆ بە ئامادەبوونی راگرانی کۆلێژەکانی زمان و ئاداب کۆبوونەتەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین داوای لە وەزیری پەروەردە کردووە جیاوازی نەکرێت لەنێوان دەرچووانی کۆلێژەکانی ئاداب، زانست و زمان بۆ مەبەستی دامەزراندنیان وەک وانەبێژ لە سنووری وەزارەتی پەروەردە. لە بەرامبەردا وەزیری پەروەردە رەزامەندی لەسەر داواکارییەکانی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین دەربڕیوە".
 
سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەندێک گلەیی هەیە کە دەگوترێت ئەو کەسانە ناکرێت ببنە وانەبێژ کە لە کۆلێژە پەروەردەییەکان نین، بەڵام لەنێوان زانکۆ و وەزارەتی پەروەردەدا لێکتێگەیشتن هەیە کە پێش دەستبەکاربوونیان وەکو وانەبێژ خولی شیاندن بۆ ئەو دەرچووانە بکرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانن بەگوێرەی پێوست ئەوانیش وانە بڵێنەوە".
 
لەسەر هەمان بابەت، د. سامان حوسێن، راگری کۆلێژی زمان لە زانکۆی سەلاحەدین و بەشدار لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەهۆی گشتاندنی وەزیری پەروەردە لە ساڵانی رابردوودا بۆ پەروەردەکان کە بۆ دامەزراندنی وانەبێژان دەرچووانی پەروەردەیی لەپێشینەبن، خوێندکاران روویان نەدەکردە کۆلێژەکانی زمان، زانست و ئاداب. بەهەمان هۆکار لۆدێکی زۆریش لەسەر کۆلێژەکانی پەروەردە و پەروەردەی بنەڕەتی دروستببوو".
 
راگری کۆلێژی زمان لە زانکۆی سەلاحەدین ئاماژەی بەوەشکرد، کەمیی چوونی دەرچووانی 12ـی ئامادەیی بۆ کۆلێژەکانی زمان، زانست و ئاداب بووە بە هۆکاری دابەزینی نمرەی وەرگرتن لەو کۆلێژانە و دابەزینی ئاستی کۆلێژەکان. گوتیشی، "بڕیارەکە لە کاتێکدابوو کە کۆلێژەکان ئاستی زانستییان باش بوو؛ باشتریش دەبێت. ئەمڕۆ وەزیری پەروەردە بڕیاریدا بەوەی کە دامەزراندن بە وانەبێژی، گرێبەست یان هەمیشەیی هەر کاتێک هەبێت، دەرچووانی ئەو سێ کۆلێژەش بگرێتەوە. بڕیارێکی دروست بوو بۆ دەرچووانی هەر سێ کۆلێژەکە".
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، ژمارەی وانەبێژان 36 هەزار و 542 مامۆستایە. ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان زیاتر لە جارێك جەختی کردووەتەوە، کە وێڕای کەمکردنەوەی دەوامی قوتابخانەکان لە شەش رۆژەوە بۆ پێنج رۆژ، هیچ وانبێژێک لە کارەکەی دوورناخەنەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە