رووداو دیجیتاڵ
رێکخەری سەنتەری میترۆ لە فەیسبووکی خۆیەوە رایگەیاند، بۆ ماوەیەک کە کاتەکەی نازانێت لە سەنتەرەکە دووردەکەوێتەوە و دەگوترێت "گوشاریان لەسەرە". نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانیش دەڵێت، میترۆ ئاگاداری نەکردوونەتەوە.
سەنتەری میترۆ لە ساڵی 2009ـەوە دامەزراوە و کاری سەرەکییان داکۆکیکردنە لە مافی رۆژنامەڤانان و ئازادی رادەربڕین.
رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ لە فەیسبووکەکەی خۆیەوە لەگەڵ بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی دیاری محەممەد، بەڕێوەبەری سەنتەرەکە نووسیویەتی: "هیوادارم لەم ماوەیەی دورکەوتنەوەم لە سەنتەری میترۆ، کە نازانم چەند دەخایەنێ، [دیاری محەممەد] بتوانێت دڵسۆزانە کارەکانی سەنتەر بکات".
هەرچەندە رەحمان غەریب هۆکاری دوورکەوتنەوەکەی روون نەکردووەتەوە، بەڵام سەرچاوەیەکی ئاگادار بە رووداوی گوت: "ئەم ماوەیە رەحمان غەریب بەهۆی رووداوە جیاکانی سلێمانییەوە زۆر لە میدیا دەرکەوتووە و بەهۆی ئەوەوە لە چەند شوێنێکەوە پەیامی پێگەیشتووە لەم ماوەیەدا بێدەنگ بێت".
دیارنییە پەیامەکان لە کوێوە ئاراستەی رەحمان غەریب کراون و نێوەڕۆکەکەی چی بووە. هەروەها بەرپرسانی سەنتەرەکە لەسەر ئەوەی دەگوترێت گوشاریان لەسەرە، ئامادەنین هیچ زانیارییەک بخەنەڕوو.
حاکم ئازاد حەمەئەمین، نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئاگادارنین هیچ گوشارێک لە بەڕێوەبەرایەتیی سەنتەری میترۆ کرابێت، ئەوانیش ئێمەیان ئاگادار نەکردووەتەوە بۆ ئەوەی هاوکاریان بین و هاوئاهەنگییان لەگەڵدا بکەین".
سەنتەری میترۆ ناوەندی سەرەکییان لە شاری سلێمانییە، لە یەک مانگی رابردوودا چەند جارێک هەڵوێستیان هەبووە دژی داخستنی کەناڵی ئاسمانیی زووم، کە خاوەنداری بۆ لاهوور شێخ جەنگی دەگەڕێتەوە، هەروەها لەسەر پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەڤانان و چالاکڤانانی مەدەنی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، بەردەوام راگەیێندراویان هەبووە.
دوایین دەرکەوتنی رەحمان غەریب لە رووداو کە باسی دۆخی سلێمانی و رووداوەکانی ئەم دواییەی کرد
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ