لە هەولێر بۆ رێگری لە لافاو مەنهۆڵ و رێڕەوەکانی ئاو خاوێندەکرێنەوە

05-09-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێر رایگەیاند، بەر لە هاتنی وەرزی بارانبارین، دەستیانکردووە بە خاوێنکردنەوەی مەنهۆڵ و رێڕەوەکانی ئاو و باراناو.
 
لە راگەیێندراوەکەی شارەوانی هەولێردا کە ئەمڕۆ هەینی بڵاوکراوەتەوە هاتووە: "تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزیی هەڵمەتێکی گشتگیری خاوێنکردنەوەی تەواوی چەپەرەکانی ئاو وەرگرتنیان بەر لە هاتنی وەرزی بارانبارین لە سنووری سەرجەم شارەوانییەکان دەستپێکردووە".
 
ئەندازیار ژیار جەلال، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاریی ژینگەپارێزیی هەولێر ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە دوێنێوە دەستمان بە خاوێنکردنەوەی رێڕەوەکانی ئاو کردووە و تاوەکو کۆتایی وەرزی بارانبارین رۆژانە بەردەوام دەبین".
 
شارەوانی هەولێر رایگەیاندووە، بۆ خاوێنکردنەوەی مەنهۆڵ و رێڕەوەکانی ئاو شەش تیم لە بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی پێکهێنراوە. راشیگەیاندووە: "ئەو شوێنانەی پێویستی بە ئامێری تایبەت هەبێت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەرێوەبەرایەتی ئاوەرۆکانی هەولێر خاوێن دەکرێتەوە".
 
سەرەتای وەرزی بارنبارین لە دۆخی ئاساییدا، ساڵانە لە مانگی ئەیلوول کە هاوکاتە لەگەڵ سەرەتای وەرزی پاییز دەستپێدەکات و تاوەکو کۆتایی بەهار بەردەوام دەبێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە