فلیپ گۆژۆن: ناونانی ئەم رێڕۆیە رێزگرتنە لە قوربانییەکانی پێشمەرگە

05-09-2025
فلیپ گۆژۆن، سەرۆکی شارەوانیی بازنەی پازدەیەمی پاریس.
فلیپ گۆژۆن، سەرۆکی شارەوانیی بازنەی پازدەیەمی پاریس.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
فلیپ گۆژۆن، سەرۆکی شارەوانیی بازنەی پازدەیەمی پاریس، لە کاتی  کردنەوەی "رێڕۆی پێشمەرگە" لە پارکی سیترۆن لە سنووری شارەوانییەکەی رایگەیاند، "ئەم ناونانە تەنیا کارێکی کارگێڕی نییە، بەڵکو "یادگارییە، ناسینەوەیە، دڵسۆزییە بۆ بەها مرۆییە گەردوونییەکان."
 
سەرۆکی شارەوانیی بازنەی 15، پێشمەرگەی بە "هێزێکی بەرخودانی گەلی کورد" و "هێمای خەباتێکی بەردەوام و چەند نەوەیە بۆ شکۆمەندی، ئازادی و مافی ژیان بە ئاشتی" وەسف کرد. ئاماژەی بە مێژووی پڕ لە قوربانیدانی پێشمەرگە کرد، لە شەڕەکانی دژی رژێمی سەدام حوسێن و تاوانەکانی ئەنفال و کیمیابارانی گوندەکان، هەروەها بەرخودانی بێوێنەیان لە دژی داعش.
 
گۆژۆن بەتایبەتی ستایشی رۆڵی ژنانی پێشمەرگەی کرد کە شانبەشانی پیاوان لە سەنگەرەکانی شەڕدا بەرگرییان کردووە، وەک لە شەڕی کۆبانێدا بینرا.
 
زیاتر لە 20 ساڵە نوێنەرایەتیی فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ناوچەی 15ی پاریس کراوەتەوە. گۆژۆن گوتی: "شتێکی رەوایە لەم شارەدا کە زۆر کورد پەنابەرییان تێدا بینیوە، شوێنێکی گشتی هەبێت رێز لە پارێزەرانیان بگرێت."
 
فلیپ گۆژۆن دووپاتی کردەوە کە ناونانی ئەم شەقامە رێزگرتنە لە قوربانییەکانی پێشمەرگە کە بۆ پاراستنی ئازادی و ئاشتی درا، هەروەک چۆن سەربازە فەرەنسییەکانیش قوربانییان داوە. ئەو گوتی: "بەهاکان کە پێشمەرگە شەڕیان بۆ دەکات، ئازادی، شکۆمەندی، لێبووردەییە و ئەوانە بەهاکانی ئێمەشن."
 
 
دەقی گوتەکەی فلیپ گۆژۆن، سەرۆکی شارەوانیی بازنەی پازدەیەمی پاریس
 
بەخێربێن، هەمووتان بەخێربێن بۆ ئەم بازنەی پازدەیەمە، کە شانازییەکی گەورەیە بە سەرۆکایەتیی ئێوە، بەڕێز سەرۆک و خاتوو سەرۆکی شارەوانیی پاریس، شەقامی پێشمەرگە لە پارکی سیترۆن دەکرێتەوە. هەروەها دەمەوێت سڵاو لە باڵیۆزی عێراق لە پاریس، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێز عەلی دۆڵەمەڕی و پارێزگاری هەولێر بکەم، کە لێرە ئامادەن.
 
هاوکارە بەڕێز و خۆشەویستەکانم، دۆستانی ئازیز، دۆستم بێرنارد لێڤی و ئەو بەشداربووانەی کە لە سەرانسەری جیهانەوە هاتوون. بەڕاستی بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە، وەک چۆن ئێوە پێشبینی بۆ دەکەن، بە هەستێکی قووڵی سوپاسگوزاریەوە ئەمڕۆ من ئەم رێوڕەسمی کردنەوەی "رێڕۆی پێشمەرگە" لێرە لە فەرەنسا، لە پاریس، لە بازنەی 15 دەکەمەوە. ئەوەی ئەمڕۆ ئێمە دەیکەین، تەنیا کارێکی کارگێڕی نییە. بەڵکو یادگارییە، ناسینەوەیە، دڵسۆزییە بۆ بەها مرۆییە گەردوونییەکان.
 
بە دانانی ئەم ناونیشانە، رێز لە گەلێکی گەورە، لە خەباتکار و شەڕڤانانیان دەگرین کە ئازایەتییان بێوێنەیە و پابەندبوونیان بە ئازادییەوە دەبێت ئێمە بهەژێنێت. پێشمەرگە، یان ئەوانەی لە دژی مردن دەوەستنەوە، زیاترن لە هێزێکی سەربازی. ئەوان خۆیان هێزی بەرخودانی گەلی کوردن، هێمای خەباتێکی بەردەوام و چەند نەوەیە بۆ شکۆمەندی، ئازادی و مافی ژیان بە ئاشتی لەسەر خاکەکەی خۆیان.
 
لە کاتی دامەزراندنیانەوە لە ساڵی 1946، لە دژی دڕندەترین رژێمەکان شەڕیان کردووە و لە دژی خوێناویترین سەرکوتکارییەکان بەرگرییان پیشانداوە. بەرخودانی پێشمەرگە لە دژی رژێمی سەدام حوسێن یەکێک بوو لە تاریکترینی مێژوو، بەڵام ئەوان بە بەرگرییان پاڵەوانانەترین لاپەڕەکانی مێژوویان نووسیوە.
 
کاتێک رژێمی دیکتاتۆر هەوڵی دەدا بە هەموو شێوەیەک تەنانەت تیرۆری کیمیاییش، ئیرادەی گەلی کورد بشکێنێت، پێشمەرگە هەرگیز دەستی لە پاراستنی گوند، خێزان، مێژوو و کولتووری گەلەکەی خۆی بەرنەدا.
 
لەسەر ئەم بێئەخلاقییە کە ئۆپەراسیۆنی بەنێوبانگی ئەنفال بوو، پێشمەرگە نەشکا.
 
بەرگری، دووبارە رێکخستنەوەی ریزەکانیان، پاراستنی پەنابەرانی ئاوارە، بوونە بنەمای ئەخلاقی و سەربازیی پاراستنی کوردستان. ئەم هەموو بەرخودان و قارەمانییەتییەی پێشمەرگە جارێکی دیکە لە دژی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) نیشان درا، ئەوان هەولێریان لە هەڕەشە رزگار کرد.
 
کۆریدۆرێکی مرۆیی بەرەو چیای شنگال کرایەوە کە رێگەی بە هەزاران ئێزدی دا لە کۆمەڵکوژی رابکەن. ئەوان بەشدارییان لە رزگارکردنی دەشتی مووسڵ، پاراستنی کەرکووک و  رزگارکردنەوەی مووسڵ کردووە. ئەوان بە سەرچاوەی کەم، بەڵام بە ئیرادەیەکی بێ کۆتایی و بە باجێکی گەورە کە 1.700 کوژراو و 10.000 بریندار بوو بەرگرییان کرد.
 
بێ پێشمەرگە، پێشڕەویی داعش زۆر خوێناویتر و وێرانکەرتر دەبوو. ئێمە هەرگیز لەبیر ناکەین. زۆر سەرسام بووین بە ژنان کە لە یەکەکانی ژناندا جێیان گرتبوو و لە دژی داعش لە شەڕی کۆبانێدا رووبەڕوویان وەستانەوە.
 
هەر وەک چۆن خۆمان سەرسام بووین بە شەڕی شەڕڤانانی شەڕێکی دیکە کە ناوی ئەوانمان لە گۆڕەپان و کۆڵانەکانی بازنەی 15 هێناوە، Geneviève de Gaulle-Antonioz, Marie-Madène Fourcade, Nicole de Haute-Cloque, sersam bûn. 
 
ئێرەش لە بازنەی 15یە، کە نوێنەرایەتیی فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە زیاتر لە 20 ساڵە تێیدان. لێرەدا ئێمە بە تێپەڕبوونی کات، پەیوەندییەکی قووڵمان لەگەڵ کۆمەڵگەی کورد لە رێگەی میوانداری، هاوکاری، کولتوورەوە دروست کردووە. دەمەوێت لێرەدا سڵاوێکی گەرم لە عەلی دۆڵەمەڕی بکەم.
 
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، دانیشتووانی دێرینی بازنەی 15، هەوڵدەرانی بێسنووری دیالۆگ لەنێوان هەردوو گەلەکەماندا، وەک چۆن من سڵاو لە پارێزگاری هەولێر و جێگری باڵیۆزی عێراقیش دەکەم، کە ئامادەبوونیان ئەمڕۆ نیشانەی دۆستایەتی هاوبەشە بۆ ئەو کەسانەی کە بۆ ئاشتی شەڕیان کردووە.
 
هەموو ساڵێک، بە بۆنەی نەورۆزەوە، ئێمە شانازی دەکەین کە میوانداریی رێوڕەسمێک دەکەین کە دەبێتە هۆکاری کۆبوونەوە، خۆشی و شادی. ئەم پەیوەندییەیە کە ئەمڕۆ ئێمە جارێکی تر نوێی دەکەینەوە، بەم ناونیشانە، ئەمساڵ، لەسەر بنەمای داواکارییەک بوو، کە من لە ئەنجوومەنی بازنەدا لە 14ی ئایاری 2024 پێشکەشم کرد، بەپێی بڕیارێک کە لە ساڵی 2025 لەلایەن ئەنجومەنی پاریسەوە بە یەکدەنگی پەسند کرا، لە ژێر سەرۆکایەتیی خاتوونی سەرۆکی شارەوانیدا، چونکە ناونانانی شوێنێک، واتای بیرهێنانەوەی یادگارییەکە لە گۆڕەپانێکی هاوبەشدا.
 
ئەمە واتای نووسینەوەی خەباتێکە لە ژیانی رۆژانەی رێبواراندا، واتای نیشاندانی ئەوەیە کە ئازادی بەدەست دێت، زۆرجار بە خوێن، لە پاریس، شارێک کە خۆی بۆ ئازادییەکەی بەهایەکی گەورەی داوە، ئێمە ئەمە لەبیر ناکەین.
 
ئەم کردنەوەیە بێگومان هەنگاوێکی دیپلۆماسیشە. لە 2019دا، خاتوونی سەرۆکشارەوانی هاوبەشییەکی لەگەڵ هەولێر دامەزراند، ئێوە سەردانی ئەو شارەتان کرد کە نیشانەی پەیوەندییەکی قووڵ، رێکوپێکە بۆ داهاتوو.
 
بەڵام ئەوە هەنگاوێکی دادپەروەریشە. شتێکی رەوایە کە لەم شارەدا کە زۆر کورد پەنابەرییان تێدا بینیوە، شوێنێکی گشتی هەبێت رێز لە پارێزەرانیان بگرێت. لە کۆتاییدا، ئەم هەنگاوە پەیامێکی ئاگادارکەرەوەیە. گەلی کورد هێشتا لە ژێر هەڕەشەدایە، جیاکاری لە دژی دەکرێت، هەندێک اریش رووبەڕووی هێرش دەبێتەوە.
 
لە پاریس، ئێمە هێرشی 23ی کانوونی یەکەمی 2022 لەبیر ناکەین. ئێمە دەزانین کە خەبات لە دژی تووندڕەوی کۆتایی نەهاتووە. ئێمە دەزانین کە هۆشیاری و یەکگرتن باشترین چەکەکانمانن.
 
بە کردنەوەی "شەقامی پێشمەرگە"، ئێمە رەنگی پەیکەری ئەو شەڕکەرە فەرەنسیانە دەبینین کە لە ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوەی وڵاتدا گیانیان لەدەستداوە، هەموو ساڵێک چەند مەترێک دوور لە ئێرە بۆ ئەوە رێوڕەسمێک کۆمان دەکاتەوە.
 
ئەمە بۆ رێزگرتنە لە پێشمەرگە کە بۆ پاراستنی ئازادی و ئاشتی قوربانییان داوە، وەک زۆر سەربازی فەرەنسی هاوڕێی چەکەکانیان بوون تاوەکو مردن.
 
چونکە قوربانیدان وەڵامی دەوێت و خەباتەکان یەک دەگرنەوە و بیرهێنانەوەی خەباتی پێشمەرگە بە خەباتی سەربازەکانمان لە گۆڕەپانی شکۆمەندیدا دەنگ دەداتەوە، ئەمڕۆ ئێمە لە وێنەی خۆماندا رێزێکی هەمیشەیی بۆ بەرگری لە دژی داگیرکەران، پابەندبوون و قوربانیدان دەبینین.
 
بەهاکان کە پێشمەرگە  شەڕیان بۆ دەکات، ئازادی، شکۆمەندی، لێبووردەییە و ئەوانە بەهاکانی ئێمەشن. بژی مێژووی پێشمەرگە، بژی گەلی کورد، بژی دۆستایەتی نێوان پاریس و هەولێر.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.