کوردستان
سەردانی شاندی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە سەرۆکایەتیی هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەکە بۆ ژووری بازرگانیی پارێزگای وانی باکووری کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە سەرۆکایەتیی هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و شاندێکی یاوەری سەردانی ژووری بازرگانیی پارێزگای وانی باکووری کوردستانی کرد. قایمقامی سۆران، کە ئەندامێکی شاندەکەیە، دەڵێت، "باس لە فراوانکردن و گەیاندنی خزمەتگوزاری زیاتر بە دەروازەی زێت کرا."
فەرمانگەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەروازەی زێت بڵاویکردەوە، "کۆبوونەوەکی گرنگ لەنێوان هەردوولا کرا کە چۆنییەتی گەشەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان، تەوەری سەرەکی بوو."
فەرمانگەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەروازەی زێت ئاماژەی بەوە کردووە، "لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایەسەر فراوانکردنی دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت، بەشێوەیەکی مۆدێرن و ستاندارد."
رەجەب زوبێر، قایمقامی قەزای سۆران بە رووداوی گوت، "لە پارێزگای وان لەگەڵ ژووری بازرگانی کۆبوونەوەمان کرد و بەڵێنیان دا لە سنووری خۆیانەوە خزمەتگوزاری زیاتر بگەیێننە دەروازەی زێت و بە هاوئاهەنگیش کاری فراوانکردنی زیاتری دەروازەکە دەکەین."
رەجەب زوبێر گوتی، "لە دیوی هەرێمی کوردستانەوە چەندین خزمەتگوزاری گەیێندراوەتە دەروازەکە، جگە لە قیرتاوکردنی رێگەکەی، چونکە دەروازەی زێت بە رێگەیەکی سەرەکی پەیوەندییە بازرگانییەکان و پێشخستنی بواری ئابووری و بازرگانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری تورکیا دادەنرێت."
قایمقامی سۆران گوتی، "بایەخدان بەم دەروازەیە خزمەتێکی زۆر بە شادەماری ئابووری و پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات."
لە راگەیێندراوەکەی فەرمانگەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەروازەی زێتدا هاتووە، "لە دیدارەکەدا شاندی سۆران بانگهێشتی وەبەرهێنەران و ئەندامانی ژووری بازرگانی وانی کرد بۆئەوەی سەردانی دەڤەری سۆران بکەن، بەمەبەستی بینینی دەرفەتەکانی سەرمایەگوزاری، لەپێناو ئەوەی لە چەندین بواری جیاجیادا وەبەرهێنان بکەن و سەرمایەکانیان بەگەڕبخەن."
رۆژی 10ـی ئایاری 2023، دەروازەی سنووری زێت کە دەکەوێتە سنووری قەزای مێرگەسۆر لە پارێزگای هەولێر لەگەڵ پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان لەنێوان هەرێمی کوردستان و باکووری کوردستان و تورکیادا کرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ