کێڵگە پەلەوەرییەکان: قەدەخەی هەناردەی مریشکمان بۆ عێراق کیلۆیەکی بۆ 2000 دینار دابەزاندووە

05-10-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نزیکەی مانگێکە حکومەتی عێراق بڕیاری هاوردەکردنی مریشکی بەستووی قەدەخە کردووە و رێگەش نادات مریشکی هەرێمی کوردستان ببرێتە نێوەڕاست و خوارووی عێراق. سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەکانی پارێزگای سلێمانی دەڵێت: "بەهۆی قەدەخەی هەناردەوە نرخی کیلۆیەک مریشک بۆ دوو هەزار دینار دابەزیوە".
 
نازم عەبدوڵڵا، سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی و ‏گەرمیان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "داواکارین بڕیارەکەی حکومەتی عێراق لە هەرێمی کوردستانیش بۆ قەدەخەی هاوردەکردنی مریشکی بەستوو جێبەجێ بکرێ".
 
سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی و ‏گەرمیان دەڵێت: "تاوەکو ئەمڕۆش حکومەتی عێراق رێگەنادات مریشکی هەرێمی کوردستان ببرێتە نێوەڕاست و خوارووی عێراق، ئەوەش زیانی زۆر بە خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان گەیاندووە".
 
رێگرییەکانی حکومەتی عێراق دوای ئەوە هاتن، لە 09ـی ئەیلوولی ئەم ساڵ، ئەنجوومەنی وەزاری عێراق بۆ ئابووری، هاوردەکردنی هەموو جۆرە مریشکێکی بەستووی قەدەخەکرد و رایگەیاند، دوای 45 رۆژ بڕیارەکە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
 
نازم عەبدوڵڵا گوتی: "بەهۆی رێگەنەدان بە بردنی مریشکی ئێمە بۆ نێوەڕاست و خوارووی عێراق، نرخی مریشک دابەزیوە. شەوی رابردوو کیلۆیەک مریشکی زیندوو لە پەلەوەرخانەکان دوو هەزار و بۆ دوو هەزار و 100 دینار بوو".
 
سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی و ‏گەرمیان گوتی: "بۆ ئەوەی هەزاران خاوەن کێڵگەی پەلەوەری مایەپووچ نەبن، داواکارین حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پارێزگاکان بۆرسە دابنێت و چاودێریی نرخ بکات، چونکە بەرهەمی مریشکی خۆمان بەشی هەموو عێراقیش دەکات و دەیان هەزار هەلی کاریشی دەستەبەر کردووە".
 
بە گوتەی نازم عەبدوڵڵا، مریشکی بەستووش هاوردە دەکرێ و ئەوەش زیانی زۆری بە بازاڕی مریشک لە نێوخۆدا گەیاندووە.
 
09ـی ئەیلوول، فیراس سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە 2019ـەوە بڕیاری قەدەخەکردنی هاوردەی مریشکی بەستوو و مریشکی بەستووی پارچەکراو داوە و ئەو هاوردەیەی کە ئێستا دەکرێ، لە دەرەوەی مۆڵەتی وەزارەتە".
 
لە هەرێمی کوردستان، خواستی زۆر لەسەر مریشکی زیندووە بەراورد بە بەستوو. بۆ دابینکردنی مریشکیش هەزار و 840 پەلەوەرخانە هەن، بەڵام بەشێوەی هەمیشەیی هەموویان بەرهەمیان نییە.
ژمارەی پەلەوەرخانەکان بەپێی پارێزگاکان:
- هەولێر: 576 پەلەوەرخانە
- سلێمانی: 727 پەلەوەرخانە
- دهۆک: 344 پەلەوەرخانە
- هەڵەبجە: 35 پەلەوەرخانە
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی لە پیرمام

ئەنجامی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی؛ "پرسەکان دەبرێنەوە مەکتەبی سیاسی و تاوتوێ دەکرێن"

شاندی دانوستاندنکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تیمی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە و بەستەڵەکی نێوانیان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی عێراقەوە تاوەکو ئێستا تواندەوە.