حەج و عومرە: کۆتایی ئەم مانگە تیروپشک بۆ ناوی حاجیان دەکرێ

05-10-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێ، زیاتر لە 46 هەزار فۆرمی هاووڵاتییان تایبەت بە حەج وردبینییان بۆ کراوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "زیاتر لە شەش هەزار هاووڵاتی، زانیارییەکەیان تەواو نییە و ئەگەر بەزووترین کات چارەسەری نەکەن، مافیان دەفەوتێت".
 
26-09-2025 دوایین وادە بوو بۆ پڕکردنەوەی فۆرم بۆ حەج. تاوەکو ئەو کاتە نزیکەی 60 هەزار هاونیشتمانی ناویان تۆمارکرد.
 
رۆژی 05ـی تشرینی یەکەمی 2025، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەی ناونووسینی حاجیان، دەست بە وردبینیکردن لە داواکارییەکان کرا.
 
کاروان ستوونی گوتی، لەکۆی 59 هەزار و 389 فۆرم، 46 هەزار و 507ـیان وردبینییان تەواو بووە و 6 هەزار و 556 کەس هەڵە لە زانیارییەکانیاندا هەیە.
 
بە گوتەی کاروان ستوونی، تاوەکو ئێستا وەک پێویست خەڵک زانیارییەکەیان راست نەکردووەتەوە؛ گوتیشی: "پێویستە بە زووترین کات ئەو 6 هەزار کەسە زانیارییەکە راستبکەنەوە، ئەگەرنا مافی بەشداریکردنیان دەسووتێت".
 
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە دەڵێت: "دوای تەواوبوونی وردبینی، قۆناخی بەراوردکاریی ناو دەستپێدەکات و هەر کەسێک پێشتر وەک هاووڵاتی حەجی کردبێت، ئەوا مافی نابێت جارێکی دیکە حەج بکات و دەرفەتەکە بۆ ئەو هاووڵاتییانە دەبێ کە تاوەکو ئێستا حەجیان نەکردووە".
 
لەبارەی کاتی راگەیاندنی ناوەکان و تیروپشکەکە، کاروان ستوونی باسی لەوە کرد: "دەکەوێتە کۆتایی تشرینی یەکەم".
 
ئەم ساڵ بۆ یەکەم جار، ناونووسین بۆ حەج کرایە ئەلیکترۆنی؛ پێشتر لە رێگەی فۆرمی دەستییەوە دەکرا و هەرکەسێکیش دەبوو 25 هەزار دینار رسوومات بدات.
 
25-09-2024 تیروپشک بۆ ئەو ناوانە کرا کە ساڵانی 2017 و 2023 ناوی خۆیان تۆمارکردبوو بۆ چوونە حەجی ساڵی 2025 و لەو ژمارەیە کە زیاتر بوون لە 120 هەزار هاونیشتمانی، 5,120 کەس ناویان دەرچوو.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە