بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنى کەرکووک - گەرمیانى پارتى: 11ى 10 بانگەشە دەستپێدەکەین

05-10-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
هیوا ئەحمەد مستەفا لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 16:00ى تۆڕی میدیایی رووداو
هیوا ئەحمەد مستەفا لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 16:00ى تۆڕی میدیایی رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
هیوا ئەحمەد مستەفا، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنى کەرکووک - گەرمیانى پارتى دیموکراتى کوردستان دەڵێ، کاژێر 16:00ی رۆژى شەممە 11ى تشرینى یەکەم لە گەڕەکى شۆریجە لە کەرکووک بانگەشەى لیستى پارتەکەى دەستپێدەکەن و بەربژێرانى لیستەکە دەناسێنن. 
 
هیوا ئەحمەد مستەفا لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 16:00ى تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، پێداگرى لەوە دەکەن بەهێمنى بانگەشەى هەڵبژاردن بکرێ و گوتى: "خۆمان لە ناوزڕاندن دەپارێزین و هیوادارین نەگاتە ئاستێک وەڵاممان بۆ پارتێکى سیاسىی هێرشبەر بۆ سەرمان هەبێ".
 
11ى تشرینى دووەمى 2025 هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق دەکرێ. پشکى کەرکووک 13 کورسییە بۆ پەرلەمانى عێراق کە یەکێکیان کۆتاى کریستیانە.
 
بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنى کەرکووک - گەرمیانى پارتى دیموکراتى کوردستان رایگەیاند، پێداگرن لەسەر درووشمەکانیان کە جێبەجێکردنى مادەى 140 لە خزمەتى هەموو پێکهاتەکاندایە و گوتى: "داوا لە لە خەڵکى کەرکووک دەکەین، بەتایبەت کوردستانییەکان هەوڵبدەن زۆرترین ژمارە بەشدارى هەڵبژاردن بکەین بۆ سەلماندنى کوردستانیبوونى ئەم ناوچانە".
 
لە هەڵبژاردنی ساڵى 2021ى پەرلەمانى عێراقدا لیستى پارتى دیموکراتى کوردستان لە کەرکووک دوو بەربژێرى سەرکەوتن. 
 
هیوا ئەحمەد مستەفا پێشبینی دەکات ژمارەى دەنگدەرانى پارتى لە کەرکووک زیاد بکات و رایگەیاند، هەندێک لە بارەگاکانیان گەڕاونەتەوە کەرکووک، بەڵام هەندێکیان ماون وەریانبگرنەوە، سەرەڕای ئەوەى رێککەوتن لەگەڵ کابینەى ئێستاى حکومەتى عێراق کراوە بۆ وەرگرتنەوەی بارەگاکانیان، بەڵام گوتى: "ئەوە ئێمە راناوەستێنێت". 
 
ئەو بەرپرسەى پارتى دیموکراتى کوردستان لەبارەى پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، پارتەکەى هۆکارى دواکەوتنى حکومەت نییە و لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکانى نێو پەرلەمان هەوڵیان داوە بۆ پێکهێنانى و ئامانجیان ئەوەیە بەزووترین کات پەرلەمان کۆببێتەوە و هەرسێ سەرۆکایەتییەکە هەڵبژێردرێن و حکومەتیش پێکبهێندرێت.
 
هیوا ئەحمەد مستەفا بە دوورى زانى بانگەشەى هەڵبژاردن ببێتە ئاستەنگ بۆ پێکهێنانى حکومەت و گوتی، دەکرێ لەو ماوەیەشدا شاندەکانى یەکێتى و پارتى لەسەر کارى خۆیان بەردەوام بن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری ئامەدی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)

جەنگیز چاندار: ئەوەی بە ناوی دیداری ئۆجەلانەوە بڵاوکرایەوە دەبێت فڕێبدرێتە زبڵدان

پەرلەمانتارێکی دەم پارتی لە ئامەد رەخنەی تووند لەو "دەقە پوختکراوە" دەگرێت کە لەبارەی دیدارەکەی ئیمراڵی بەسەر ئەندامانی کۆمیسیۆنی پەرلەماندا دابەشکراوە و دەڵێت: "هیچ بەهایەکی نییە."