لە کرماشان 13.5٪ لە دانیشتووانی پارێزگاکە کەسانی بەساڵاچوون

05-10-2025
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسی سکرتاریەتی لیژنەی هاوئاهەنگی و بەدواداچوونی ئەنجوومەنی بەساڵاچووانی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، بەپێی ئامارە فەرمییەکان ژمارەی بەساڵاچووان لە پارێزگاکە بەرزبووەتەوە و ئێستا 13.5٪ لە دانیشتووانی پارێزگاکە بەساڵاچوون.
 
رۆژی یەکشەممە، 5ـی تشرینی یەکەمی 2025، موژگان بونیادی راد لە رێوڕەسمێکدا بە بۆنەی هەفتەی بەساڵاچووان رایگەیاند، بەپێی پێوەری نیشتمانی لەسەر ئاستی ئێران، ئەو کەسانەی تەمەنیان سەرووی 60 ساڵە بە بەساڵاچوو دادەنرێن، هەرچەندە بەپێی پێوەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO، ئەو کەسانە بە بەساڵاچوو دادەنرێن کە تەمەنیان سەرووی 65 ساڵە. 
 
بەرپرسی سکرتاریەتی لیژنەی هاوئاهەنگی و بەدواداچوونی ئەنجوومەنی بەساڵاچووانی پارێزگای کرماشان گوتی، بە پێی ئامارە فەرمییەکان، 260 هەزار کەس لە دانیشتووانی پارێزگای کرماشان بەساڵاچوون.
 
بە گوتەی موژگان بونیادی راد، ژمارەی بەساڵاچووان لە پارێزگاکە بەرزبووەتەوە و ئێستا 13.5٪ لە دانیشتووانی پارێزگاکەن.
 
بونیادی راد دەڵێت، 8 ناوەندی لەخۆگرتن و خزمەتکردنی بەساڵاچووان لە پارێزگای کرماشان هەن کە رۆژانە خزمەتی ئەو کەسانە دەکەن، پێنجیان لە شاری کرماشان و یەکێکیان لە سەرپێل زەهاو و دوو ناوەندی دیکە لە شاری شائابادن.
 
بەپێی ئاماری ناوەندی ئاماری ئێران، دانیشتووانی ئەو وڵاتە بەرەو بەساڵاچوون دەچن، بە جۆرێک ئێستا لە هەر 100 کەس 8 کەسیان لە تەمەنی 65 ساڵ و سەرووترن. ئەم ژمارەیە لە ساڵی 2016دا بە جۆرێک بوو کە لە هەر 100 کەس 6 کەس 65 ساڵ و زیاتر بوون.
 
ئێستا زیاتر لە 10 ملیۆن و 500 هەزار کەس لە ئێران کەسانی بەساڵاچوون کە زیاتر لە 12٪ی کۆی دانیشتووانی وڵاتەکە پێکدەهێنن.
 
لە چوار دەیەی رابردوودا، ئاستی مامناوەندی منداڵبوون لە خێزانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە 6.5 منداڵەوە بۆ 1.6 منداڵ کەمبووەتەوە. لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەو کەمبوونەوەیە، خراپبوونی دۆخی ئابووری و لەباربردنی منداڵە.
 
حکومەتی ئێران بۆ رێگریکردن لە پیربوونی دانیشتووان، کۆمەڵێک رێکاری گرتووەتەبەر، لەوانەش هەموو جۆرە لەباربردنێکی منداڵی قەدەخە کردووە، هەروەها بە هاوکاری دارایی، پێدانی قەرزی بانکی بۆ هاوسەرگیری و منداڵبوون و تەرخانکردنی پارچە زەوی بۆیان، هانی خێزانەکان دەدات بۆ ئەوەی منداڵی زۆرتریان هەبێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.