رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری تۆماری باری کەسیی پارێزگای سنە دەڵێت، رێژەی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لە پاریزگاکە 5.3% کەمی کردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 5ی تشرینی یەکەمی 2025 عەلی جۆکار، بەڕێوەبەری تۆماری باری کەسیی پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، "لە 21ی ئاداری 2025 تاوەکو 21ی ئەیلوولی هەمان ساڵ، 9 هەزار و 243 منداڵ لە پارێزگاکە لەدایکبوون، ئەوەش بەراورد بە هەمان ماوەی پار 7.3% کەمی کردووە."
بەڕێوەبەری تۆماری باری کەسیی پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، "لەو ژمارەیە، چوار هەزار و 828 منداڵ کوڕ و چوار هەزار و 415 منداڵیش کچ بوون."
جۆکار ئاماژەی بەوەش کردووە، لەنێو لەدایکبوواندا 167 دووانە و 12 سێیانە هەبوون.
سەبارەت بە ژیانی هاوسەرێتی، بەڕێوەبەری تۆماری باری کەسیی سنە باسی لەوە کرد، لە 6 مانگدا، 6300 پرۆسەی هاوژینی تۆمار کراون، کە بەراورد بە پار 5.2% کەمی کردووە.
لەبارەی ئاماری مردنەوە، جۆکار رایگەیاند، لە هەمان ماوەدا چوار هەزار و 279 مردن لە پارێزگای سنە تۆمار کراون، کە 6.7% زیادی کردووە.
بەپێی دوایین ئامار، ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای سنە یەک ملیۆن و747 هەزار و 445 کەسە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ